عێراق ماتەمینی گشتی راگەیاند
لە کەربەلا و نەجەف رێوڕەسم بۆ دوا ماڵئاوایی محەمەد سەعید حەکیم رێکدەخرێت

K24 - هەولێر
بۆ کۆچی دوایی محەمەد سەعید حەکیم، یەکێک لە مەرجەعەکانی شیعە، حکومەتی عێراق ماتەمینی گشتی راگەیاند و لە کەربەلا و نەجەفیش رێوڕەسمی تایبەت بۆ دوا ماڵئاوایی ئەو مەرجەعەی شیعەکان بەڕێوەدەچێت.
دوای ئەوەی دوێنێ 3/9/2021، بەهۆی جەڵتەی دڵەوە، لە تەمەنی 85 ساڵی کۆچی دوایی کرد، بڕیارە ئەمڕۆ لە کەربەلا و سبەی لە نەجەف، رێوڕەسمی دوا ماڵئاوایی لە محەمەد سەعید حەکیم، یەکێک لە مەرجەعەکانی شیعەی عێراق بەڕێوەبچێت.
هاوکات ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقیش بڕیاریداوە ئەمڕۆ بکاتە ماتەمینی گشتی لە وڵات، بەڵام لە نەجەف سێ رۆژ دەبێت.
ئەو مەرجەعەی شیعەکان، بەرزترین پلەی مەزهەبەکەی هەبووە، کە ئایەتوڵڵا عوزما بووە، یەکێک بووە لەو کەسانەی بۆ شوێنگرتنەوەی عەلی سیستانی دیاریکرابوو.
