سەرجەم ناوەندەکانی پێدانی ڤاکسین بۆ مامۆستایان تەرخاندەکرێن
وەزیری تەندروستی: تائێستا زیاتر لە 60 هەزار مامۆستا ناوی خۆیان تۆمار کردووە
K24 - هەولێر
وەزارەتی تەندروستی بڕیاریداوە ماوەی یەک هەفتە سەرجەم ناوەندەکانی پێدانی ڤاکسین، بۆ مامۆستایانی وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا تەرخان بکرێن.
وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەو بڕیارە لەپێناو پاراستنی گیانی مامۆستایان و قوتابیانە و تاوەکو ئێستاش زیاتر لە 60 هەزار مامۆستا ناوی خۆیان بۆ وەرگرتنی ڤاکسین تۆمارکردووە و زیاتر لە 22 هەزار مامۆستاش ژەمی یەکەمی ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتووە.
سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "لەسەر راسپاردەی سەرۆکی حکومەت، بۆ گرنگیدان بە مامۆستایان، دوای تاوتوێکردنی ئەم بابەتە بۆ ئەوەی تەواوی مامۆستا و فەرمانبەرانی ناو قوتابخانە و پەیمانگا و زانکۆکان ڤاکسین وەربگرن، گەیشتینە ئەو بڕیارەی کە ماوەی هەفتەیەک هەموو سەنتەرەکانی پێدانی ڤاکسین بۆ مامۆستایان تەرخان بکرێن".
گوتیشی: "بەگوێرەی دوایین ئامار تائێستا زیاتر لە 60 هەزار مامۆستا بۆ وەرگرتنی ڤاکسین ناوی خۆیان تۆمارکردووە، و نزیکەی 22 مامۆستاش ژەمی یەکەمی ڤاکسینیان وەرگرتووە، لەنێویاندا 17 هەزار مامۆستا ژەمی دووەمیان وەرگرتووە".