روونکردنەوەیەک لە گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە

ناوەندێکی سەر بە پەکەکە بە درۆ دەخاتەوە

بارەگای مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان - ئەرشیڤ
بارەگای مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان - ئەرشیڤ

K24 - هەولێر:

گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا بانگەشەیەکی ناوەندێکی سەر بە پەکەکە بە درۆ دەخاتەوە لە بارەی کوژرانی 7 چەکداری ئەو هێزە لە دەڤەری خەلیفان و دەڵێت مەبەستیان لە ناوھێنانی پارتی دیموکراتی کوردستان و بڵاوکردنەوەی بابەتی ناڕاست بۆ شاردنەوەی تاوانەکانیانە و پاساو ھێنانەوەیە بۆ کردەوە نا یاسایی و دەستدرێژیەکانیان بۆ سەر ھەرێمی کوردستان.

دەقی روونکردنەوەکە:

ناوەندێکی سەر بە پەکەکە بە ناوی ھەپەگە، لە راگەیاندراوێکدا ئیدیعای ئەوەی کردووە کە حەوت چەکداریان لە دەڤەری خەلیفان بەدەستی پارتی کوژراون!

لێرەدا بەگشت لایەکی رادەگەیەنین کە ئەو ئیدیعایە ھیچ بنەمایەکی نیە و دورە لە راستی و، مەبەستیان لە ناوھێنانی پارتی دیموکراتی کوردستان و بڵاوکردنەوەی بابەتی ناڕاست بۆ شاردنەوەی تاوانەکانیانە و پاساو ھێنانەوەیە بۆ کردەوە نا یاسایی و دەستدرێژیەکانیان بۆ سەر ھەرێمی کوردستان.

خەڵکی کوردستان دەپرسن و پێویستە پەکەکە وەڵامیان بداتەوە کە چەکدارانی پەکەکە چی دەکەن لە دەڤەری خەلیفان و ئیشیان چیە و پەیوەنییان بەو دەڤەرەوە چیە؟

مەحمود محەمەد

گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان

4ـی ئەیلوولی 2021