سەرۆکی پەرلەمانی ئوردن گەیشتە هەرێمی کوردستان
لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە
K24 – هەولێر
کەمێک پێش ئێستا عەبدولمونعم عودات، سەرۆکی پەرلەمانی شانشینی ئوردن بە یاوەری شاندێک گەیشتە هەرێمی کوردستان، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لەلایەن رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمان و ژمارەیەک لە ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان پێشوازی لێکرا.
هۆشمەند سادق، پەیامنێری کوردستان24 لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر رایگەیاند، بڕیارە لە یەکەم وێسگەی سەردانەکەیدا سەرۆکی پەرلەمانی ئوردن سەردانی پەرلەمانی کوردستان بکات. لەوێ لەگەڵ دەستەی سەرۆکایەتی و سەرۆکی فراکسیۆنەکان کۆدەبێتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێرمان، هەر ئەمڕۆ سەرۆکی پەرلەمانی ئوردن، سەردانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، دواتریش لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە، هەروەها دیداری لەگەڵ سەرۆک بارزانی دەبێت.
پەیامنێرمان ئاماژەی بەوەدا، گفتوگۆی سەرۆکی پەرلەمانی ئوردن لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان، لەبارەی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئوردن و هەماهەنگی نێوان هەردوولا دەبێت.
بڕیاریشە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، عەبدولمونعم عودات، سەرۆکی پەرلەمانی شانشینی ئوردن ئامانجی سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان بخاتەڕوو.
وڵاتی ئوردن یەکێکە لەو وڵاتانەی پەیوەندیی مێژوویی لەگەڵ سەرکردەکانی کورد بەتایبەتی سەرۆک بارزانی هەیە. ئوردن کونسوڵخانەی لە هەرێمی کوردستان هەیە و دەیانەوێت پەرە بە پەیوەندییەکانیان بدەن و هەماهەنگی زیاتر لەنێوان هەردوولادا هەبێت.
عەبدولمونعم عودات، سەرۆکی پەرلەمانی شانشینی ئوردن دوێنێ شەممە 4/9/2021، بە سەردانێک گەیشتە بەغدا و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق کۆبووەوە.