بێنزیما بێده‌نگی شكاند

هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر دیشامپ و به‌ ره‌گه‌زپه‌رستی تۆمه‌تبار ده‌كات

دواجار کەریم بێنزێما لە بەرامبەر دوورخرانەوەی لە هەڵبژاردەی فەرەنسا بۆ جامی نەتەوەکانی ئەوروپا بێدەنگی شکاند و بە توندی هێرشی کردە سەر دیدیێ دیشامپ و بە رەگەزپەرستی تۆمەتبار کرد.

بنزێما لە دیمانەیەکی لەگەڵ رۆژنامەی مارکای ئیسپانی رایگەیاندووە، کە بەهۆی رەگەزپەرستییەوە ئەو لە هەڵبژاردەی فەرەنسا دوورخراوەتەوە و پارتێکی سیاسی فەرەنسی و دیشامپیشی بە رەگەزپەرست و هۆکاری دوورخرانەوەی هەژمارکردووە.

هەروەها کەریم لەبارەی دوورخرانەوەکەی دەڵێت: بەداخەوە هەمووان هێرشیان کردە سەر من و خانەوادەکەم و بە تۆمەتی کەسیەکەی ڤاڵبوێناوە هێرشیان کردە سەرم، بەڵام لە راستیدا من لەم کەیسە بێتاوانم و دواتریش بێتاوانیم بۆ هەمووان روون دەبێتەوە.

یاریزانەکەی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی رایشیگەیاندووە کە زوڵمی لێکراوە لە هەڵبژاردەکەی دوورخراوەتەوە و ئاشکراشیکردووە، ڤاڵبوێنا هەموو راستییەکان دەزانێت، بەڵام راستییەکانی بۆ هەمووان روون نەکردووەتەوە.

لە کۆتایی دیمانەکەیشیدا، بنزێما رایگەیاندووە رۆژێک دێت هەر دەگەڕێتەوە ریزی هەڵبژاردەی فەرەنسا.