سەرۆک بارزانی و سەرۆکی پەرلەمانی ئوردن کۆدەبنەوە
عەبدولمونعم عودات: ئەو رۆڵەی سەركردایەتی ھەرێمی كوردستان لە ناوچەكەدا دەیگێرێت جێی بایەخە
K24 – هەولێر
ئەمڕۆ یەكشەممە 5ـی ئەیلوولی 2021 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازیی لە عەبدولمونعم ئەلعودات، سەرۆكی پەرلەمانی شانشینی ئوردن و شاندێكی یاوەری كرد، كە پێكهاتبوو لە دكتۆر مونتەسەر ئەلعقلە، باڵیۆزی شانشینی ئوردن لە عێراق و ژمارەیەك پەرلەمانتاری پەرلەمانی شانشینی ئوردن.
لە دیدارەكەدا سەرۆكی پەرلەمانی ئوردن سڵاوی شا عەبدولڵای پاشای ئوردنی بە سەرۆك بارزانی گەیاند و پێزانینی خۆی و وڵاتەكەی بۆ خەبات و ماندووبوونی سەرۆك بارزانی و هەروەها قوربانیدانی پێشمەرگە و گەلی كوردستان لە شەڕی تیرۆر راگەیاند و جەختیشی لەوە كردەوە كە وڵاتەكەی خوازیاری ئەوەیە كە سەقامگیری و بووژانەوەی هەرێمی كوردستان گەشەی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت و پەیوەندییەكانی هەردوولا لەسەر بنەمای دۆستایەتی و بەرژەوەندیی هاوبەش و سەقامگیریی عێراق بەرفراوانتر ببن. لە درێژەی ئەو كۆبوونەوەیەدا شاندی پەرلەمانی ئوردن ئەوەیان خستەڕوو كە گەلی ئوردن سۆزی تایبەتیان بۆ گەلی كوردستان هەیە و لە ئازار و دۆزی گەلی كوردستان بە باشی تێدەگەن.
هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی، پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و شانشینی ئوردنی بە مێژوویی و دۆستانە و نموونەیی وەسف كرد. هەروەها وێڕای ئاماژەدان بۆ رۆڵی شاعەبدولڵا لە بنیاتنانی سەقامگیری و پێشكەوتن و قووڵتركردنی دۆستایەتی نێوان هەردوولا، پێزانینی بۆ هەڵوێستی پاشای ئوردن هەبوو لە پاڵپشتیكردنی هەرێمی كوردستان لە شەڕی تیرۆریستانی داعش.
تەحەددیاتی بەردەم پڕۆسەی سیاسیی عێراق و بەردەوامیی هەڕەشەی تیرۆر لەسەر سەقامگیریی ناوچەكە تەوەری تری ئەو كۆبوونەوەیە بوون.
سەر لە بەیانی ئەمڕۆ عەبدولمونعم عودات، سەرۆکی پەرلەمانی ئوردن، لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر گەیشتە هەرێمی کوردستان و لەلایەن سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران پێشوازی لێکرا و لە پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمان کۆبووەوە.
عەبدولمونعم عودات، سەرۆکی پەرلەمانی شانشینی ئوردن دوای گەیشتنی بۆ هەولێری پایتەختی ھەرێمی كوردستان، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "لەم سەردانەدا تاوتوێی بەرژەوەندییە ھاوبەشەكانی نێوان ئوردن و ھەرێمی كوردستان دەكەین، ھەروەھا یاداشتننامەی لێكتێگەیشتنی نێوان ھەردوولا تاوتوێ دەكەین. ئێمە پەیوەندییەكی مێژووییمان لەگەڵ ھەرێمی كوردستان ھەیە و ھەمیشە پەیوەندییەكان لە بەرزترین ئاستدا بووە، ئوردن بە گرنگییەوە لە ھەرێمی كوردستان دەڕوانێت، ئەو رۆڵەی سەركردایەتی ھەرێمی كوردستان لە ناوچەكەدا دەیگێرێت جێی بایەخ و گرنگە".
لەو سەردانەیدا سەرۆکی پەرلەمانی ئوردن لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە، هەروەها چاوی بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەوێت.