نه‌خشه‌ی نوێی ریال مه‌درید بۆ كڕینی مباپێ ئاشكرا ده‌بێت

كلیان مباپێ هێرشبه‌ری یانه‌ی پاریس سانجێرمان
كلیان مباپێ هێرشبه‌ری یانه‌ی پاریس سانجێرمان

تا ئێستا کیلیان مباپێ شەش ئۆفەری پاریس سانجێرمانی بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی رەت کردووەتەوە.

هێشتا چارەنووسی کیلان مباپێ لەگەڵ پاریس سانجێرمان دیار نییە و بەپێی رۆژنامەی مارکای ئیسپانی یانەی ریال مەدرید لە هەوڵی بەردەوامە بۆ ئەوەی مباپێ بۆ وەرزی داهاتوو بباتە ریزەکانی لە کاتێکدا پاریس سانجێرمان نەیتوانیەوە مباپێ رازی بکات بە مانەوە لە یانەکەی.

مارکا هێمای بۆ ئەوە کردووە پاریس تا ئێستا شەش ئۆفەری خستووەتە بەردەم مباپێ و ئەم یاریزانە فەرەنسیە سەرجەمیانی رەت کردووەتەوە، کە پاریس لە بازاری گواستنەوەی هاوینە ئامادە نەبوو بە 200 ملیۆن یۆرۆ دەستبەرداری ببێت بۆ ریال مەدرید.

پاریس سانجێرمان هێشتا کاتی لەبەردەم ماوە بۆ ئەوەی مباپێ رازی بکات بە مانەوە لە باخچەی شازادەکانی پاریس بەڵام مباپێ سوورە لەسەر یاریکردن بۆ ریال مەدرید و بە ئەگەرێکی زۆرەوە لە هاوینی داهاتوو بە گرێبەستێکی سەربەست ده‌چێته‌ یانە مه‌دریدییه‌كه‌ هەرچەندە ئەو کاتەش تێچووی پەیوەندیکردنی بە ریال مەدرید لە 80 ملیۆن یۆرۆ کەمتر نابێت بەهۆی کرێی گواستنەوەی و پاداشتە داراییەکانەوە.

كلیان مباپێ ته‌مه‌ن 22 ساڵ، له‌ یانه‌ی مۆناكۆ ده‌ركه‌وت، له‌ هاوینی 2018 به‌ گرێبه‌ستێكی 145 ملیۆن یۆرۆ روویكرده‌ پاریس سانجێرمان، له‌گه‌ڵ یانه‌ پاریسییه‌كه‌ له‌ كۆی 175 یاری 136 گۆڵ و 63 ئاسیستی كردووه‌.