حکومەتی هەرێم سندووقی سکاڵا لە دامودەزگاکان کارا دەکاتەوە
هاووڵاتییان دەتوانن گلەیی و گازاندەکانیان بگەیەننە شوێنی مەبەست
K24 - هەولێر
حكومەتی ھەرێمی كوردستان بڕیاریداوە لە دامودەزگاكاندا سندووقی سکاڵا كارا بكاتەوە، بۆ ئەوەی ھاووڵاتییان بتوانن لەو رێگەیەوە سكاڵاكانیان بگەیەنە حكومەت.
عەبدولحەكیم خەسرەو، سەرۆكی فەرمانگەی ھەماھەنگی و بەدواداچوون لە حكومەتی ھەرێمی كوردستان بە كوردستان24ی راگەیاند: "چەند جۆر سکاڵا هەیە، سکاڵا هەیە لەکاتی دەوام، هەروەها سکاڵای یاسایی هەیە، جگە لەوە سکاڵا هەیە تایبەتە بە گلەیی و گازاندەی خەڵک، کە دەیانەوێت راستەخۆ سکاڵاکەیان بگەیەننە بەرپرسی یەکەم یان وەزیرەکان".
گوتیشی: "هەر وەزارەتێک تایبەتمەندی خۆی هەیە، هەندێک وەزارەت ئەو دەرفەتەیان بۆ هاووڵاتییان رەخساندووە، کە لە رێگەی پۆرتاڵێک یان بەشێوەی ئۆنلاین سکاڵاکانیان بگەیەنن، هەندێک وەزارەتیش سندووقی تایبەت بە سکاڵایان هەیە".