ئێف بی ئای رووبەڕووی هێرشی هاککەران دەبێتەوە

دوو سەرچاوەی ئاگادار بە کەناڵی سی ئێن ئێن-یان راگەیاند، نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی (ئێف بی ئای) لێکۆڵینەوەی لەبارەی دزەکردن و پێشێلکارییەکی بۆ سەر بنکەدراوەی تاوانکاریی فیدراڵی دەستپێکردووە.

پێشبینی دەکرێت گرووپێکی هاککەر لە پشت ئەو پێشێلکارییەوە بن، کە ئەمە دووەم رووداوی لەو جۆرەیە لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا ناوەندی نیشتمانیی زانیارییە تاوانکارییەکان دەکاتە ئامانج. بنکەدراوەی ئەو ناوەندە لەلایەن دەزگاکانی جێبەجێکردنی یاساوە لە سەرانسەری ئەمریکا، بۆ ئاڵوگۆڕی زانیارییەکانی پەیوەست بە فەرمانی دەستگیرکردن و ئەنجامدانی پشکنینی ئەمنی بەکاردەهێنرێت.

ئاشکرابوونی ئەم پێشێلکارییە نوێیە هاوکاتە لەگەڵ هەوڵەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ کەمکردنەوەی نیگەرانییەکان لەبارەی ئاسایشی زانیاری لە وڵاتەکەدا، بەتایبەت دوای زنجیرەیەک کێشەی گەورە کە بانکەکان، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و سیستەمی کۆنترۆڵی هاتوچۆی ئاسمانیی سەر بە ئیدارەی فڕۆکەوانیی فیدراڵیی گرتەوە.

نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، وەڵامی هیچ داواکارییەکی بۆ لێدوان نەداوەتەوە.

پێنجشەممەی رابردوو، دوای ئەوەی بەرپرسانی نووسینگەکە بە پێشێلکارییە ئەمنییەکەیان زانی، کاش باتیل، بەڕێوەبەری نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی لە کەناڵی فۆکس نیوز دەرکەوت بۆ ئەوەی لەبارەی هەوڵەکانی نووسینگەکە لە بواری ئاسایشی زانیاریدا قسە بکات.

باتیل ئەو دەرفەتەی بۆ قسەکردن لەبارەی ئۆپەراسیۆنێک قۆستەوە کە چەند مانگێک لەمەوبەر بەڕێوەچوو، ئامانج لێی هاندانی کۆمپانیاکان بوو بۆ نوێکردنەوەی سیستەمەکانیان تاوەکو رێگری لە هاککەران بکەن دەستیان بە زانیارییە هەستیارەکان بگات.

سەرۆکی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی ئاماژەی بە ئۆپەراسیۆنێک کرد کە ناوی قەڵغانی زستان-ی لێنراوە، هاوکات پێشوازیی لە هەنگاوەکانی ئیدارەی ئێستای ئەمریکا کرد بۆ نوێکردنەوەی سیستەمە سەرەکییەکان بە مەبەستی پاراستنی ژێرخانی سەرەکیی وڵاتەکە.

باتیل لەو بارەیەوە گوتی: "ئیدارەکانی دیکە دەیانتوانی ئەو نوێکارییانە بکەن بەڵام نەیانکرد. ئێمە لە پێش رووداوەکانەوەین و کار بۆ قەرەبووکردنەوەی کاتی لەدەستچوو دەکەین".

مانگی ئەیلوولی رابردوو، هێرشێکی دیکەی گرووپێکی هاککەر زانیارییە کەسییە هەستیارەکانی کارمەندانی لە ماڵپەڕێکی کاردۆزینەوەی سەر بە ئێف بی ئای کردە ئامانج. لەو رووداوەدا توێژەر و نووسەرێکی کەنەدی لە بواری ئاسایشی زانیاری دەستگیرکرا و رووبەڕووی تۆمەتەکانی پەیوەست بەو هێرشە کرایەوە.

بەپێی زانیارییەکانی کەناڵی سی ئێن ئێن، دوای پێشێلکارییەکە بەشێک لە کارمەندانی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی نیگەرانی ئەوە بوون کە ئاخۆ زانیارییەکانیان دزەی پێکراوە یان نا، هەروەها بێئومێدیی خۆیان لە لاوازیی ئەو پشتیوانییە دەربڕی کە لە بواری ئاسایشی زانیاریدا پێشکەش بە زیانلێکەوتووان کرابوو.

لە پێشێلکارییەکی پێشووتریشدا لە ساڵی 2023، هاککەران سیستەمێکی کۆمپیوتەریان لە نیویۆرک هاک کرد کە ئێف بی ئای بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانی دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر منداڵان بەکاریدەهێنا، لەنێویاندا سیستەمێک کە تایبەت بوو بە هەڵگرتنی وێنەکانی پەیوەست بە لێکۆڵینەوەکان.