ئه‌مه‌ریكا: جارێكی دیكه ناچینه‌وه ئه‌فغانستان
پێشبینی ده‌كرێت جه‌نگی ناوه‌خۆیی له ئه‌فغانستان سه‌ر هه‌ڵبدات، به‌مشێوه‌یه ئه‌لقاعیده و داعش سه‌رهه‌ڵده‌ده‌نه‌وه
K24- هه‌ولێر:
بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان له په‌نجشیر پێشڕه‌وی ده‌كات، ئه‌مه‌ریكاش له رووی هه‌واڵگرییه‌وه له دووره‌وه چاودێری دۆخی ئه‌فغانستان ده‌كات، تاڵیبان ئاماژه‌یپێكردووه كه رێگه ناده‌ن ئافره‌ت پۆست و پله له حكومه‌تی نوێ وه‌ربگرن.
جه‌نه‌ڕاڵ مارك مییلی، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ئه‌ركانی سوپای هاوبه‌شی ئه‌مه‌ریكایی، رایگه‌یاند، ژماره‌یه‌ك چه‌ته له ئه‌فغانستان گه‌یشتوون به ده‌سه‌ڵات، ئه‌و وڵاته به‌ره‌و خراپتر هه‌نگاو ده‌نێت.
راشیگه‌یاند، پێشبینی ده‌كرێت جه‌نگی ناوه‌خۆیی له ئه‌فغانستان سه‌ر هه‌ڵبداته‌وه، به‌مشێوه‌یه ئه‌لقاعیده و داعش له ئه‌فغانستان سه‌رهه‌ڵده‌ده‌نه‌وه، جیا له كۆمه‌ڵه و گرووپی جیا جیا، كه له ژماره نایه‌ن.
له‌لایه‌ن خۆیانه‌وه، هه‌ریه‌ك له وه‌زیری ده‌ره‌وه و به‌رگری ئه‌مه‌ریكا، سه‌ردانی ناوچه‌ی كه‌نداو ده‌كه‌ن، بۆ جه‌ختكردنه‌وه له رۆڵی ئه‌مه‌ریكا وه‌ك هێزی یه‌كه‌م له جیهاندا.
به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریكا روونیانكرده‌وه، سه‌ردانه‌كه‌ی بلنكن و ئۆستن، بۆ دڵنیاكردنه‌وه‌ی هاوپه‌یمانانی كه‌نداوه، بڕیاری كشانه‌وه‌ی جۆ بایدن له ئه‌فغانستان واتای ئه‌وه ناگه‌ینێت كه واشنتن پشت له ههوپهیمانهكانی له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌كات.
له‌لایه‌ن خۆیانه‌وه بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان له په‌نجشیر له پێشڕه‌ویدان، دوای ئه‌وه‌ی كابولی پایته‌ختی ئه‌فغانستانیان كۆنتڕۆڵ كرد، كه تاڵیبان له‌وه نزیك ده‌بێته‌وه سیستمی تازه‌ی ئه‌فغانستان بچه‌سپێنێ، ئه‌مه‌ریكاش هۆشداری ئه‌وه‌ی راگه‌یاندووه، چه‌ندین ره‌وتی تووندڕه‌و و تیرۆریست له ئه‌فغانستان سه‌ر هه‌ڵده‌ده‌نه‌وه.
مارك مییلی گوتیشی: به‌پێی پێشبینییه سهربازییهكانم، چاوه‌ڕێ ده‌كرێت شه‌ڕێكی ناوه‌خۆیی گه‌وره له ئه‌فغانستان ده‌ست پێبكات، بڕواش ناكه‌م جارێكی دیكه بگه‌ڕێینه‌وه ئه‌فغانستان، ته‌نها له رووی هه‌واڵگرییه‌وه چاودێری ئه‌فغانستان ده‌كه‌ین.
بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان پێشتر رایگه‌یاندبوو، رێز له ژن و منداڵ و كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌فغانی ده‌گرن، به‌ڵام له چوارچێوه‌یه‌كی ئیسلامی، چاودێران پێیان وایه ئه‌سته‌مه تاڵیبان بتوانێت ئه‌م كاره بكات، چونكه پێشتر ئه‌وه‌یان راگه‌یاندووه كه رۆڵ و پله‌و پۆست له حكومه‌تی تازه‌ی ئه‌فغانستان، به ژنان ناده‌ن.
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه، جۆ بایدن، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، به‌رگری له بڕیاره‌كه‌ی خۆیكردو رایگه‌یاند، چ سوودێك له قۆناغی سێیه‌می جه‌نگ له ئه‌فغانستان ده‌بینین، ته‌نها جه‌خت له‌وه ده‌كه‌ینه‌وه و چاودێری ئه‌وه‌ش ده‌كه‌ین كه ئایا ئه‌فغانییه‌كان هێرش ده‌كه‌نه‌وه سه‌ر ئه‌مه‌ریكا؟ یاخوود نا.
تاڵیبانیش ئاماژه‌یپێكردووه كه له‌كاتی پراكتیكه كردنی ده‌سه‌ڵات و حوكم، ئاسانكاری ده‌كه‌ن، وه‌ك خوولی یه‌كه‌می حوكمدارێتی هه‌ڵسوكه‌وت ناكه‌ن، دوای ئه‌وه‌ی سۆڤییه‌ت هێرشی كرده سه‌ر ئه‌فغانستان و داگیری كرد، دواجار بووه دروستبوونی شه‌ڕێكی ناوخۆی خوێناوی.
به‌ڕێوه‌به‌ری رۆژنامه‌ی لۆنگ وۆڕ جۆڕناڵ، رایگه‌یاند، بێ شك تاڵیبان له‌ماوه‌ی ئه‌و (20) ساڵه‌ی رابردوودا، وه‌ك سوپایه‌ك خۆی پێگه‌یاندووه، له‌كاتی كشانه‌وه‌ی سوپای ئه‌مه‌ریكایی و ئه‌فغانی، چه‌كی زۆریشی ده‌ستكه‌وتووه.
سه‌رچاوه: شه‌رق ئه‌وسه‌ت
ك.ب