شاندێکی پەرلەمانی کوردستان سەردانی فەرەنسا دەکات
تاوتوێی پتەوکردنی پەیوەندیی و هەماهەنگی لەنێوان هەردوو پەرلەمان دەکەن

K24 – هەولێر
بڕیارە سبەی شاندێکی پەرلەمانی کوردستان سەردانی وڵاتی فەرەنسا بکات و لەگەڵ پەرلەمانتارانی فەرەنسا تاوتوێی بەهێزکردنی پەیوەندی و هەماهەنگی نێوان هەردوو پەرلەمان دەکەن.
هۆشمەند سادق، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند: "سبەی چوارشەممە 8/9/2021، شاندێکی پەرلەمانی کوردستان بەرەو فەرەنسا بەڕێدەکەوێت، ئەندامانی شاندەکە لە لیژنەی یاسایی پەرلەمانی دەبن، لە پاریس لەگەڵ پەرلەمانتارانی فەرەنسا کۆدەبنەوە، بە مەبەستی پتەوکردنی پەیوەندیی و هەماهەنگی لەنێوان پەرلەمانی کوردستان و پەرلەمانی فەرەنسا".
پەیامنێرمان، گوتیشی: "شاندی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ پەرلەمانتارانی فەرەنسا تاوتوێی ئەزموونی کاری پەرلەمانی فەرەنسا دەکەن، دوای فەرەنساش بڕیارە شاندەکەی پەرلەمانی کوردستان سەردانی چەند وڵاتێکی دیکە بکات".
فەرەنسا یەکێکە لەو وڵاتانەی پەیوەندییەکی مێژوویی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە و لە چەندین قۆناغ پاڵپشتی کوردستانی کردووە، لەو چوارچێوەیەشدا ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رۆژی 29/8/2021، سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لە دیدارەکانیدا لەگەڵ سەرۆک بارزانی و سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، جەختی لە پتەوکردنی پەیوەندییەکان و پاڵپشتی فەرەنسا بۆ هەرێمی کوردستان کردەوە.