پلاسخارت: زیاتر لە 130 پسپۆڕی نێودەوڵەتی چاودێری هەڵبژاردنی عێراق دەکەن
"پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەمجارەی عێراق جیاواز دەبێت"
K24 – بەغدا
نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق رایدەگەیەنێت، هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد لە عێراق بەڕێوەبچێت و زیاتر لە 130 پسپۆڕی نێودەوڵەتی چاودێری پڕۆسەکە دەکەن.
جێنین ھێنیس پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە بەغدا رایگەیاند: "نوێنەری ئێمە لەگەڵ کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەردەوام لەسەر هێڵە، بە مەبەستی چاودێری کردنی پرۆسەی هەڵبژاردن و مەشق و راهێنان بە کارمەندەکانیان".
گوتیشی: "هەڵبژاردنی ئەمجارەی عێراق جیاواز دەبێت و سیستمێکی نوێ پەیڕەو دەکرێت، پێشتر هەڵبژاردنی عێراق 80 بازنە بوو، ئەمجارە 83 بازنەیە، جگە لەمەش ئەمجارە دەنگدەر، دەنگ بە کاندید دەدات، نەک پارت و لایەن، بۆ شەفافکردنی پڕۆسەکە ئێمە بەردەوام دەبین لە پرۆسەی دەنگدان، دەنگەکانیش دەچنەوە بنکەی سەرەکی لە بەغدا و دەبینرێن".
پلاسخارت، راشیگەیاند: "بۆ ئەم هەڵبژاردنە زیاتر لە 130 پسپۆڕی نێودەوڵەتی چاودێری پڕۆسەی هەڵبژاردنی عێراق دەکەن، هەروەها بەشیوەیەکی چڕ چاودێری ئامێرەکانی دەنگدان دەکەین، هەر گومانێک هەبێت دەست بەسەر ئەو ئامێرەدا دەگیرێت، نەتەوە یەکگرتووەکان لەو بڕوایەدا هەڵبژاردنی ئەمجارە لەگەڵ 2018 زۆر جیاواز دەبێت، هەموو هەڵێک دەدەین بۆ رێگری کردن لە ساختەکاری، بۆ ئەوەی هەڵبژاردنێکی پاک و پێگەرد بەڕێوەبچێت، ئەوەی تر دەکەوێتەوە سەر عێراقییەکان کە بیانەوێت ببن بە نموونەیەکی جوان لە ناوچەکە".
نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، گوتی: "ئەو کەسانەی یەکجارە دەنگ دەدەن پێویستە بەشداری لە هەڵبژاردنەکە بکەن، 60٪ی خەڵکی عێراق تەمەنیان لە خوار 25 ساڵییەوەیە، رێژەی گەنجانە زۆرە و پێویستە بەشداری کارایان هەبێت لە هەڵبژاردن و بە دەنگدان چارەنووسی وڵاتەکەی خۆیان دیاریبکەن، من دەزانم زۆر لە گەنجان بێ هیوا بوونە لە وڵاتەکەیان و ئومێدیان بە داهاتوو نییە، بەڵام ئەم یاخیبوونە گرنگە چۆن ئاراستەی دەکەی، رێڕەوی راست ئەوەیە پەنا ببەنە بەر سندووقەکانی دەنگدان، ئەمە رێگە راستەکەی دیموکراسییە".
داواشی لە میدیاکان کرد: "بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ پڕۆسەی هەڵبژاردن بکەن و زانیاری نافەرمی و نادروست بڵاونەکەنەوە، گرنگە میدیا خۆی دوور بگرێت لە زانیاری نادروست".