وه‌زیری ناوخۆ: چیدیكه نابێت له ژێر هیچ ناوێك داڵده‌ی تاوانباران بدرێت
سیسته‌مێكی نوێ بۆ به‌دواداچوون و ده‌ستگیركردنی داواكراوان و تاوانباران دامه‌زراوه و له‌مه‌ودوا ده‌ستگیركردنیان خێراتر ده‌بێت
K24- هه‌ولێر:
وه‌زیری ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، سیسته‌مێكی نوێیان بۆ به‌دواداچوون و ده‌ستگیركردنی داواكراوان و تاوانباران دامه‌زراندووه و له‌مه‌ودوا ده‌ستگیركردنیان خێراتر ده‌بێت.
رێبه‌ر ئه‌حمه‌د، وه‌زیری ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 7ی ئه‌یلوول/ سێپتێمبه‌ری 2021 له هه‌ولێر رایگه‌یاند، پرۆسه‌ی ده‌ستگیركردنی داواكراوان پرۆسه‌یه‌كی ئاڵۆزه و چۆن هێزه‌كانی ناوخۆ هاوكاری دادگا ده‌كه‌ن، به‌هه‌مان شێوه پێویسته دادگاكانیش هاوكار بن و ئازادكردنی تاوانباران ئاسان نه‌بێت.
وه‌زیری ناوخۆ راشیگه‌یاند، به گوێره‌ی سیسته‌می نوێ تاوانباران ناتوانن به ئاسانی ده‌ربازیان ببێت، به شێوه‌یه‌ك هیچ پانتاییه‌ك له هه‌رێمی كوردستان له‌به‌رده‌میان نامێنێته‌وه.
دووپاتیشی كرده‌وه، پێویسته دادگاكان هیچ تاوانبارێك به كه‌فاله‌ت ئازاد نه‌كه‌ن كه كه‌یسه‌كه‌ی كه‌فاله‌ت نایگرێته‌وه، چونكه ئه‌وه وا ده‌كات رێژه‌ی تاوان زیاتر بێت، به پێچه‌وانه‌وه چه‌نده توندتر بن له‌سه‌ر سزادانی تاوانباران رێژه‌ی تاوان كه‌متر ده‌بێته‌وه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، گرنگه ئه‌و سیسته‌مه له ماوه‌یه‌كی كه‌مدا گشتاندنی بۆ بكرێت و سه‌رجه‌م به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی پۆلیس كاری پێ بكه‌ن.
هه‌روه‌ها گوتی: پێشتر له دهۆك ئه‌و سیسته‌مه په‌یڕوكراوه و سه‌ركه‌وتوو بووه، بۆیه داوامان له به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی هه‌رێم كردووه، هه‌مان ئه‌و سیسته‌مه له هه‌ولێر و پارێزگاكانی دیكه‌ش جێبه‌جێ بكرێت.
گوتیشی: ته‌نها رۆڵی ئه‌و پرۆسه‌یه به هێزه‌كانی پۆلیس ناده‌رێت، به‌ڵكو هێزه‌كانی ئاسایش و هه‌واڵگریش رۆڵێكی كارا ده‌بینن و ئامانجی سه‌ره‌كیش بۆ پارێزگاریكردنه له ئاسایشی ناوخۆ و ئه‌ركی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه ته‌واو ده‌كه‌ن كه رووبه‌ڕووی هه‌ڕه‌شه‌كانی ده‌ره‌وه بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان ده‌بنه‌وه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، ئه‌م هه‌نگاوه جێبه‌جێكردنی خاڵێكی كارنامه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه به سه‌رۆكایه‌تی مه‌سرور بارزانی، كه هه‌میشه جه‌خت له پارێزگاریكردن له ئاسایش و سه‌قامگیری هه‌رێمی كوردستان ده‌كاته‌وه.
رێبه‌ر ئه‌حمه‌د دووپاتیشیكرده‌وه، هۆكارێكی سه‌ره‌كی زۆربوونی رێژه‌ی تاوان بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه تاوانباران وه‌ك پێویست سزا نادرێن.
وه‌زیری ناوخۆ داواشی له لایه‌نه سیاسییه‌كان، كه‌سایه‌تییه دیاره‌كان و سه‌رۆك هۆز و ریشسپیانی كوردستان كرد، هیچ بكوژ و تاوانبارێك لای خۆیان داڵده نه‌ده‌ن و هاوكاری هێزه ئه‌منییه‌كان بن بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی رێژه‌ی تاوان له هه‌رێمی كوردستان.
H.B