سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە جێگری سەرۆكی كۆمسیۆنی ئەوروپا و بەرپرسی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی یەکێتیی ئەوروپا دەکات
سەرۆکی حکومەت جەختی لە گرنگیی ڕۆڵی چاودێرانەی تیمەکانی یەکێتی ئەوروپا کرد لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق
K24 – ههولێر:
ئەمڕۆ سێشەممە 7 ی ئەیلولی 2021 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە جۆزێپ بوڕێڵ جێگری سەرۆكی كۆمسیۆنی ئەوروپا و بەرپرسی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی یەکێتیی ئەوروپا کرد.
لە دیدارەکەدا جێگری سەرۆكی كۆمسیۆنی ئەوروپا و بەرپرسی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی یەکێتیی ئەوروپا، ئاماژەی بە گرنگیی پێگەی هەرێمی کوردستان کرد وەک فاکتەرێکی سەقامگیریی لە ناوچەکەدا ، هەورەها بەردەوامبوونی هاوکاری و هەماهەنگیی یەکێتی ئەوروپاشی بۆ هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە شەڕی تیرۆردا، دووپات کردەوە .
سەرۆکی حکومەت وێڕای سوپاسکردنی هەڵوێستی دۆستانەی یەکێتیی ئەوروپا لە پشتگيریکردنی هەرێمی کوردستان، جەختی لە گرنگیی ڕۆڵی چاودێرانەی تیمەکانی یەکێتی ئەوروپا کرد لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق، بەتایبەتی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ، بە ئاراستەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک وبێگەرد کە ماف و خواستی پێکهاتە جیاوازەکانی عێراق دەستەبەر بکات.
سەرۆکی حکومەت هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە، دەستووری عێراق جێبەجێ بکرێت و یەکسانی و دادپەوروەری و شەراکەتی ڕاستەقینە ببنە بنەمای حوکمڕانییەکی تەندروست لە عێراقدا.
پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و یەکێنیی ئەوروپا و چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی و دۆخی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی کوردستان، چەند تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوون.


