هاوپەیمانان لە هاوکاریکردنی پێشمەرگە بەردەوام دەبن

"پڕچەککردنی هێزی پێشمەرگە، هەنگاوێکی گرنگە لە پتەوترکردنی ئەو هێزە، بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش"

بەشێک لەو ئۆتۆمبێلە سەربازیانەی لەلایەن هاوپەیمانان بە پێشمەرگە بەخشران - فۆتۆ: aa
بەشێک لەو ئۆتۆمبێلە سەربازیانەی لەلایەن هاوپەیمانان بە پێشمەرگە بەخشران - فۆتۆ: aa

K24 - هەولێر

هاوپەیمانان لە هاوکارییەکانیان بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەردوامن، لە دوایین کاروانیش ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی سەربازیی لەلایەن هاوپەیمانانەوە پێشکەشی لیوا هاوبەشەکانی وەزارەتی پێشمەرگە کران. راوێژکارێکی هاوپەیمانانیش رایدەگەیەنێت، ئەوان بەردەوام دەبن لە هاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر.

رۆژی چوار شەممە 8/9/2021، کاروانێکی دیکەی هاوکارییەکانی هاوپەیمانان پێشکەش بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان کرا، بەتایبەت بۆ لیوا هاوبەشەکان، کە پێكدێت لە ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی سەربازیی.

 کۆلۆنێل تۆد بۆرۆس، گەورە راوێژکاری هێزەکانی هاوپەیمانان لە رێوڕەسمی بەخشینی هاوکاری بە هێزی پێشمەرگە لە وتەیەکدا گوتی: "پڕچەککردنی هێزی پێشمەرگە، هەنگاوێکی گرنگە لە پتەوترکردنی ئەو هێزە، بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش، ئامانجی سەرەکی ئێمەش لێرە ئەوەیە، کە هاوکاری هێزی پێشمەرگە بکەین، تاکو بتوانین پێکەوە داعش لەناو ببەین،  هاوپەیمانی نێودەوڵەوتی پابەندە بەوەی بەردەوام بێت لە پشتگیریکردنی هێزی پێشمەرگە، لە ئەرکەکانیشمان کە بریتیە لە راوێژ و مەشق و راهێنان بەردەوام دەبین".

ئەم هەنگاوە لە درێژەی هاوکارییەکانی دیکەی هاوپەیمانانە بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان، تا ئێستا هاوکارییەکان بەسەر هەموو لیوا هاوبەشەکانی وەزارەتی پێشمەرگە دابەشکراوە.

هۆشمەند حەیدەر، جێگری سوپاسالاری ‌هێزی پێشمەرگە بە کوردستان24ی گوت: "ئەم کاروانەی هاوکارییەکانی پێشمەرگە بریتی بوو لە چەند هەمەرێک، کە پێویستی مەیدانی سەنگەرەکانمانە، هاوکات کەمێک کەرەستەی گواستنەوە و تەنکەر و شۆفڵ و هەندێک پێداویستی دیکە".

هاوکارییەکان لەچەندین جۆر ئۆتۆمبێلی سەربازیی پێكهاتوون، وەک 50 هەمەری گولـلەنەبڕ، 29 بارهەڵگر، 23 شۆفڵ و حەفارە، 21 تەنکەری سوتەمەنی، 16 تەنکەری ئاو و 10 بارهەڵگری رزگارکەر.