هه‌ڵگورد شێخ نه‌جیب: تۆپبارانی ناوچه سنوورییه‌كان بۆ تێكدانی سه‌قامگیری خه‌ڵكه
هه‌ڵگورد شێخ نه‌جیب

K24 – هه‌ولێر:
قائیمقامی قه‌زای سۆران، هه‌ڵگورد شێخ نه‌جیب له میانی به‌شداریكردنی له "ژووری هه‌واڵی كوردستان24" له وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی بێژه‌ری كوردستان 24، فه‌رهاد ره‌سووڵ، رایگه‌یاند، تۆپبارانی ئێران بۆ ناوچه سنوورییه‌كان ئامانج لێی تێكدانی ئاسایش و سه‌قامگیری خه‌ڵكه و به‌رده‌وام بیانوو بۆ ئه‌و په‌لامارانه ده‌دۆزرێته‌وه و گوتیشی: پارته‌كانی رۆژهه‌ڵات، كه له‌وێ ئاماده‌ییان هه‌یه، به‌ڵام چالاكییان نییه، له 1991 و 1992ه‌وه چالاكییه‌كانیان راگرتووه، به‌ڵام ئێران بیانوویه‌ك ده‌دۆزێته‌وه بۆ بۆردومان، ئه‌و خه‌ڵكه‌ش ئه‌مڕۆ زیانی به‌ر نه‌كه‌وێت سبه‌ی زیانی به‌ر ده‌كه‌وێت و به‌رده‌وام له دڵه‌ڕاوكێدایه.
ده‌قی گفتوگۆكه
هه‌ر كاتێك سه‌قامگیری له هه‌ر روویه‌كه‌وه زیاد بێت، ئێران بیانوویه‌ك به هه‌رێمی كوردستان ده‌گرێت و ده‌كه‌وێته تۆپباران و گێچه‌ڵ پێكردن به هه‌رێمی كوردستان، هۆكاری ئه‌مه چییه، ئێستا ئێران به بۆمبابارانیش نه‌وه‌ستاوه و به فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانی بۆمبڕێژكراو به‌كارده‌هێنێت و ئێران له لای سه‌رووه وه‌ك گورگه‌كه و به مه‌ڕه‌كه ده‌ڵێت: تۆ ئاوه‌كه‌م لێ لێڵ ده‌كه‌یت. بۆچی ئێران هێرشده‌كاته سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و قوربانی لێده‌كه‌وێته‌وه، كه باجه‌كه‌ی ته‌نیا و ته‌نیا خه‌ڵكی گوندنشینه.
پرسیار: به بڕوای تۆ هۆكاری ئه‌م گێچه‌ڵپێكردن و شه‌ڕفرۆشتنه‌ی ئێران چییه و بۆچی له‌م كاته‌دا كه‌وتووه‌ته بۆردومانی ناوچه سنوورییه‌كان؟
هه‌ڵگورد شێخ نه‌جیب: ئه‌مه پرسیارێكی گرنگه، هۆكار و ئامانجی ئه‌م هێرشانه چین؟ ئه‌مڕۆ ئێران هات و ترس و دڵه‌ڕاوكێی خسته ناو خه‌ڵكی گوندنشینی ناوچه‌كه، كه كشتوكاڵ و ئاژه‌ڵداری ده‌كه‌ن، به‌رهه‌می چی بوو، سێ ده‌یه‌یه زیاتر ئه‌و ناوچانه‌ی سه‌ر سنوور، بوونه‌ته قوربانی ئه‌و شه‌ڕه‌ن، له كاتێكدا شه‌ڕه‌كه هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌وانه‌وه نییه. له شه‌ڕی عێراق و ئێران ئه‌وان ئاواره بوون، دوای راپه‌ڕین خه‌ڵك گه‌ڕایه‌وه گونده‌كان، شه‌ڕی په‌كه‌كه و توركیا، شه‌ڕی پارته‌كانی رۆژهه‌ڵات و ئێران یه‌خه‌ی گرتوون. به‌رده‌وام بیانوویه‌ك ده‌دۆزرێته‌وه بۆ ئه‌و په‌لامارانه. پاڵه‌په‌ستۆی ئێران و توركیا ده‌زانین، به‌ڵام پرسیار ئه‌وه‌یه پاڵه‌په‌ستۆی پارته كوردییه‌كان بۆچی؟
پرسیار: ئێران ده‌ڵێت دژبه‌رانی كۆماری ئیسلامی ئێران له‌و ناوچه‌یه‌ن، به‌ڵام ئاشكرایه، پارته كوردییه‌كانی رۆژهه‌ڵات چالاكییه‌كی ئه‌وتۆیان نییه، ئه‌وه‌ی چالاكی هه‌یه، ته‌نیا و ته‌نیا په‌كه‌كه‌یه به ئاره‌زووی خۆی ده‌چێته دیوی ئێران و دێته‌وه ئه‌م دیو، ئێران بۆچی هیچ هه‌ڵوێستێكی به‌رامبه‌ر به په‌كه‌كه نییه، به‌ڵام به‌و بیانووه، ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بۆردومان ده‌كات، گوایه دژبه‌رانی كۆماری ئیسلامی لێیه؟
هه‌ڵگورد شێخ نه‌جیب: چونكه ئامانجه‌كه ئه‌وه نییه و بۆ ئه‌و پارتانه نییه كه دژی ئێرانن، به راشكاوی ئامانجه‌كه بۆ تێكدانی سه‌قامگیری و ئاسایشی ئه‌و خه‌ڵكه‌یه، كه له‌و ناوچه‌یه پشتیان به ئاژه‌ڵداری و كشتوكاڵ به‌ستووه.
ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر كێشه‌ی ئه‌وه‌مان هه‌یه، ئایا ئه‌و ره‌وه‌ندانه له كاتی خۆیدا بگه‌ڕێنه‌وه گونده‌كانیان یان نه‌گه‌ڕێنه‌وه، چونكه جۆری ئه‌و ئاژه‌ڵانه جۆرێكه له كوێستانه‌كان نه‌بێت ناتوانێت بژیت، بڕیارێكی قورس بوو، ئایا ئه‌وان ده‌گه‌ڕێنه‌وه ژیانیان سه‌لامه‌ته، یان نا، چونكه له زۆر شوێن له ژێر كۆنترۆڵی حكومه‌تی هه‌رێم نییه و ره‌نگه نه‌توانین وه‌ك پێویست به‌رگریان لێ بكه‌ین و شوێنی ئارامیان بۆ دابین بكه‌ین.
پرسیار: ئایا ئامارتان له‌به‌ر ده‌سته، كه له باڵه‌كایه‌تی و سیده‌كان، به هۆی بۆردومانه‌كانی ئێران چه‌ندێك گوند چۆڵ بوونه؟
هه‌ڵگورد شێخ نه‌جیب: ناحیه‌ی سیده‌كان گه‌وره‌ترین ناحیه‌یه و 266 گوند له خۆ ده‌گرێت و تا ئێستا 118 گوند به هۆی ئه‌و باره ناسه‌قامگیره‌ی هه‌یه چۆڵ كراوون و روویان له شوێنه‌كانی دیكه كردووه.
ئه‌مه‌ش بۆ ئێمه مایه‌ی فشاره و فشاری زۆرمان له‌سه‌ر درووست بووه، ئه‌وانه‌ی له شوێنی خۆیان ئاواره بوون، ئه‌ركیان هه‌یه، نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانیش تا ئێستا به‌رنامه‌یه‌كی ئه‌وتۆی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته نییه، چونكه نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان زیاتر بۆ ئاواره‌بووانی وڵاتێك بۆ وڵاتێكی دیكه كار ده‌كات، به‌ڵام ئه‌و خه‌ڵكه له ناو قه‌زای خۆیان ئاواره بوون و هاوكاریان بۆ ناچێت. تا ئێستا ئه‌وانه‌ی ئاواره بوون و له ناو سۆرانن نه‌مانتوانیوه وه‌ك پێویست هاوكاریان بكه‌ین. منداڵ هه‌یه په‌ككه‌وته بووه و خێزان هه‌یه ساڵی رابردوو به ته‌واوی كۆمه‌ڵكوژ كران.
ئامانجی ئێران به تایبه‌تی روون نییه، پارته‌كانی رۆژهه‌ڵات، كه له‌وێ ئاماده‌ییان هه‌یه، به‌ڵام چالاكییان نییه، له 1991 و 1992ه‌وه چالاكییه‌كانیان راگرتووه، به‌ڵام ئێران بیانوویه‌ك ده‌دۆزێته‌وه بۆ بۆردومان. ئه‌و خه‌ڵكه‌ش ئه‌مڕۆ زیانی به‌ر نه‌كه‌وێت سبه‌ی زیانی به‌ر ده‌كه‌وێت، له دڵه‌ڕاوكێیه به‌رده‌وام.
پرسیار: بۆ یه‌كه‌مجار ئێران فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وانی بۆمبڕێژكراوی به‌كار هێناوه، ئه‌مه هه‌نگاوێكی تازه‌یه، ئێران ده‌یه‌وێت چی به گوند نشینان و هه‌رێمی كوردستان بڵێت؟
هه‌ڵگورد شێخ نه‌جیب: ئێران پێش ماوه‌یه‌ك دیاره به‌یاننامه‌ی ده‌ركردبوو، كه مه‌ترسی هه‌یه و پێویسته خۆیان بپارێزن، به‌ڵام ئه‌مه پاساوێكه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و كاره بكات، ره‌نگه لێیان بپرسی، به‌وه وه‌ڵام ده‌ده‌نه‌وه، ده‌یانه‌وێت ئه‌و ئامانجانه بپێكن، كه مه‌به‌ستیانه، به‌ڵام ئه‌وان له كاتژمێر (06:00)ی به‌یانییه‌وه تا (11:00)ی پێش نیوه‌ڕۆ تۆپباران بووه.
پرسیار: خۆ ئه‌وه جه‌نگی عێراق و ئێران نییه، شه‌ش كاتژمێر به‌رده‌وام تۆپباران بكرێت، خۆ ئه‌گه‌ر پێشمه‌رگه‌ی لایه‌نه‌كانی ئێرانیشی لێ بووبێت، له‌و ناوه نه‌ده‌مان، شه‌ش كاتژمێر تۆپباران بۆچی؟
هه‌ڵگورد شێخ نه‌جیب: مه‌به‌ست په‌یامه‌كه‌یه، كه تێكدانی ئاسایش و ره‌وشی ئه‌و خه‌ڵكه‌یه، ره‌نگدانه‌وه‌ی بۆ ته‌واوی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت. ئه‌مڕۆ هه‌واڵ له هه‌رێمی كوردستان رووماڵی بۆردومانی ناوچه‌ی سیده‌كان بووه، خه‌ڵكیش ماندوو ده‌بێت و ده‌یان گرفتیان هه‌یه و تۆپبارانیش بێته سه‌ر، بۆ نموونه ئه‌مساڵ وشكه‌ساڵییه و خه‌ریكی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی وشكه ساڵین و ئه‌مه‌ش پاڵه‌په‌ستۆكان زیاتر ده‌كات. له‌و بڕوایه نیم ئه‌و تۆپبارانه ئامانجێكی سه‌ربازی وا بپێكێت، كه كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئه‌و پارتانه هه‌بێت، كه لێره بوونیان هه‌یه.
پرسیار: چی بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و خه‌ڵكه بپارێزرێت و رانه‌كان و به‌جێی نه‌هێڵێت و ئاواره نه‌بێت؟ له رووی سیاسی و حكومییه‌وه پێویسته چی بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی له گێچه‌ڵی ئێران ئه‌و خه‌ڵكه رزگار بكرێت؟
هه‌ڵگورد شێخ نه‌جیب: پێویسته له ئاستێكی سیاسی به‌رزتر له‌گه‌ڵ ئێران ئه‌و بابه‌ته باس بكرێت، بڕوا ناكه‌م شتێكی شاراوه هه‌بێت و لای ئێران و ئێمه‌شه‌وه و چه‌ندین جار له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئێران باسكراوه، ئه‌وه‌ی قوربانییه خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌یه، ئه‌و پارتانه‌ش كه بوونیان له‌وێ هه‌یه، به‌رپرسیارێتیان له‌سه‌ر شان نییه و شارێكیان له ئه‌ستۆ نییه، ئێمه كێشه‌ی خزمه‌تگوزاری و كێشه‌ی دیكه‌مان هه‌یه، ئه‌و پاڵهپهستۆییهی دێت، بۆ خه‌ڵكه‌كه و بۆ ئێمه‌یه وه‌ك ئیداره. به رای من ئامانجی ئه‌وان و تۆپبارانه‌كانی توركیا زیاتر بۆ هه‌رێمی كوردستانه له‌وه‌ی زیاتر بۆ ئه‌و پارتانه بێت، كه بوونیان هه‌یه له‌وێ.
پرسیار: ره‌وه‌نده‌كان گه‌رمیان و كوێستان ده‌كه‌ن و ره‌وه‌نده‌كان دوای ئه‌م تۆپبارانه شوێنیان گۆڕیوه و هاتوونه‌ته‌وه خوار؟
هه‌ڵگورد شێخ نه‌جیب: له ده‌ستپێكی هاوین، كاتێك ئه‌و ره‌وه‌ندانه روویان له‌و ناوچانه كرد، ئێمه چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌مان كرد بۆ ئه‌وه‌ی بزانین چی بكه‌ین، له 20 ساڵی رابردوو خه‌ڵكێك بازگه‌ی داناوه و پرسیار له‌و خه‌ڵكه ده‌كه‌ن، له كاتێكدا ئه‌و خه‌ڵكه ده‌چنه‌وه سه‌ر گوندی خۆیان.
پرسیار: كێ ئه‌و بازگانه‌ی داناوه؟
هه‌ڵگورد شێخ نه‌جیب: حكومه‌تی توركیا له لایه‌ك، په‌كه‌كه له لایه‌كی دیكه‌وه بازگه‌ی داناوه، حزبه‌كانی دیكه دایان ناوه، ئێمه‌ش وه‌ك ئیداره ده‌بێت، هه‌ندێك به‌رنامه‌مان هه‌بێت و ئه‌وانه‌ی ده‌چنه ئه‌و شوێنانه ده‌بێت ئاگاداریان بكه‌ینه‌وه له مه‌ترسییه‌كان. ئێمه بڕیاری ئه‌وه‌ی ئه‌وان بگه‌ڕێنه‌وه یان نا بڕیارێكی قورس بوو، به‌ڵام چونكه چاره‌ی دیكه‌مان نه‌بوو، بڕیاره‌كه‌مان دا.