ئامانجی پێکهێنانی لیوا هاوبەشەکان پاراستنی ئاسایشی ناوچە کوردستانییەکانە

"ئەگەری هەیە پێش هەڵبژاردن پێشمەرگە بگەڕێتەوە کەرکووك"

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌
وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌

K24 - هه‌ولێر:

ئەندامێکی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، بەشێك لەو گرفتانەی رێگربوون لەبەردەم پێکهێنانی دوو لیوا هاوبەشەکەی پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخی ئەمنی ناوچە کوردستانییەکان چارەسەرکراون، بۆیە ئەگەر هەیە پێش هەڵبژاردن پێشمەرگە بگەڕێتەوە ئەو ناوچانە.

گەڕانەوەی پێشمەرگە لە چوارچێوەی لیوا ھاوبەشەكان لەگەڵ سوپای عێراقدا بۆ ناوچە كوردستانییەكان، خەریکە دەگاتە قۆناغی کۆتایی، ئەو گرفتانەی کە مابوون، چارەسەرکراون، بەپێی قسەی سەعید هەرکی، ئەندامی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان ئەگەر هەیە پێش هەڵبژاردن پێشمەرگە بگەڕێتەوە ئەو ناوچانە.

هەموو هەوڵێکی وەزارەتی پێشمەرگە ئەوەیە، بۆ هەڵبژاردن لیوا هاوبەشەکان پێکبهێندرێت و پێشمەرگە لەکاتی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردن بەشێك بێت لە پاراستنی سەقامگیری ناوچەکە.

عادل کاکەیی، شارەزای سەربازی گوتی: "له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشووی عێراق خه‌ڵكی كه‌ركووك بێ ترس ده‌نگیان ده‌دا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ له‌وێ هه‌بوو، به‌ڵام ئێستا هاووڵاتیانی كه‌ركووك و ده‌وروبه‌ریشی ترسیان هه‌یه و داوای گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ ده‌كه‌ن‌، به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ پێكهاته‌ جیاوازه‌كانی كه‌ركووك پارێزگراو ده‌بن".

لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، داواکاری خەڵکی ناوچە کوردستانییەکان بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە زیاتر دەبێت، چونکە ئێستا دەسەڵاتی بەهێزی ئەم ناوچانە لەدەست گرووپە چەکدارەکانی حەشدی شەعبیدان، سەرەڕای بەردەوامی مەترسی داعش لەو ناوچانە.

د.ی