راهێنه‌ر ئینته‌ر میلان به چه‌قۆ هه‌ڕه‌شه له ریال مه‌درید ده‌كات
ئینته‌ر میلان له یه‌كه‌مین یاریی گه‌ڕی یه‌كه‌می كۆمه‌ڵه‌ی چواره‌می چامپیۆنزلیگ میوانداريی ریال مه‌درید ده‌كات, وه‌رزی رابردوو هه‌ردوو یانه كه‌وتنه یه‌ك كۆمه‌ڵه و یانه ئیتاڵییه‌كه هه‌ردوو یاریی چوون و هاتنه‌وه‌ی دۆڕاند.
ئه‌مشه‌و چوارشه‌ممه ئینته‌ر میلان له یاریگه‌ی جۆسێپی میاتزا و له گه‌ڕی یه‌كه‌می قۆناخی كۆمه‌ڵه‌كانی چامپیۆنزلیگ پێشوازی له ریال مه‌دریدی ئیسپانیا ده‌كات.
ئینته‌ر میلان دوای بردنه‌وه‌ی نازناوی سێریا ئه‌ی وه‌رزی رابردوو، به‌هێز ده‌ركه‌وتووه‌ته‌وه ئه‌گه‌رچی چه‌ند ئه‌ستێره‌یه‌ك یانه‌كه‌یان جێهێشتووه، به‌ڵام تیپه‌كه‌ی سیمیۆنی ئینزاگی به‌ته‌واوه‌تی بۆ ئه‌م یارییه ئاماده‌یه و ئیدین دزیكۆ و لاوتارۆ مارتینیز سه‌ركردایه‌تی هێڵی هێرشبردن ده‌كه‌ن، به‌ڵام باستۆنی تووشی پێكان بووه و به ئه‌گه‌رێكی زۆر له‌م یارییه داده‌بڕێت.
ئینزاگی پێش یارییه‌كه باسی چه‌قۆ ده‌كات
سیمۆنی ئينزاگی راهێنه‌ری نوێی ئه‌م وه‌رزه‌ی ئینته‌ر میلان ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات ئه‌وه‌ی له رابردوو روویداوه بووه‌ته رابردوو، ئێسته ئینته‌ر تیپێكی نوێی هه‌یه و ئامانجی گه‌وره‌یان هه‌یه، ده‌شڵێت: ئێمه باش ده‌زانین وه‌رزی رابردوو ئینته‌ر میلان هه‌ردوو یارییه‌كه‌ی به‌رامبه‌ر ریال مه‌درید دۆڕاند، ده‌شزانین ئه‌ركمان ئاسان نییه، به‌ڵام ده‌مانه‌وێت قۆناخی كۆمه‌ڵه‌كان تێپه‌ڕێنین.
ئینزاگی گوتیشی: زۆر روونه كارلۆ ئانچیلۆتی ئه‌زموونی له من زیاتره، به‌ڵام ئێمه‌ش به‌باشی ئاماده‌كاریی بۆ یارییه‌كه ده‌كه‌ین و پلانی خۆمان ده‌بێت، به شێوه‌یه‌ك یاریی ده‌كه‌ین وه‌كو ئه‌وه‌ی چه‌قۆیه‌ك له‌نێو ده‌ممان بێت و به شێوه‌یه‌ك یاریی ده‌كه‌ین كه رێگه به هه‌ڵه‌كردن نه‌ده‌ین یاریی یه‌كه‌میش له‌نێو خاكی خۆمان و له‌به‌رده‌م هاندهرهكانمانه به‌ڕاستی سه‌رنجڕاكێشه.
له لایه‌كی دیكه ریال مه‌دریدی ئیسپانی و پاشای چامپیۆنزلیگ و هه‌ڵگری 13 ناسناوی جامه گوێچكه‌داره‌كه به‌بێ چه‌ند یاریزانێكی گه‌یشتووه‌ته شاری میلانۆ.
له ریال مه‌درید هه‌ریه‌كه له تۆنی كرووس و گاریس به‌یل و دانی سیبایۆس یاریی ناكه‌ن و پێكانیان هه‌یه و پێش گه‌شته‌كه‌یان بۆ ئیتاڵیا هه‌ریه‌كه له مێندی و مارسێلۆش به‌هۆی تووشبوونه‌وه‌یان به پێكان دوورخرانه‌وه، به‌ڵام داڤید ئالابا به‌شداری یارییه‌كه ده‌كات.
كارلۆ ئانچیلۆتی ترسی له ئینته‌ر میلان هه‌یه
كارلۆ ئانچیلۆتی راهێنه‌ری یانه‌ی ریال مه‌درید له پرێس كۆنفرانسێك پێش یارییه‌كه‌ی ئینته‌ر میلان رایگه‌یاند كه ئه‌ركیان بۆ ئه‌و یارییه زۆر زۆر قورسه، ده‌شڵێت: بڕیار له‌سه‌ر ئه‌وه بده‌ین چ یانه‌یه‌ك ده‌توانێت چامپیۆنزلیگ بباته‌وه ئێمه هێشتا له‌سه‌ره‌تای پاڵهوانییهتییهكهین، وه‌كو ریال مه‌دریدیش كه زۆرترین ناسناوی ئه‌م پاڵهوانییهتییهمان هه‌یه به‌باشی ئاماده‌كاریمان كردووه و ئامانجی یه‌كه‌ممان بردنه‌وه‌ی جامه‌كه‌یه، ده‌شزانم له‌و رێگه‌یه ركابه‌ری زۆر قورسمان ده‌بێت، به‌ڵام زۆر به سه‌ختی بۆ بردنه‌وه‌ی پاڵه‌وانییه‌تییه‌كه یاریی ده‌كه‌ین.
كارلۆ گوتیشی: من دڵنیام یارییه‌كه‌ی ئینته‌ر میلان قورس ده‌بێت ئه‌وان خاوه‌نی راهێنه‌رێكی زۆر زیره‌كن و تیپێكی زۆر باشیان هه‌یه و بیرۆكه‌ی نوێیان پێیه، راسته كۆمه‌ڵێك ئه‌ستێره یانه‌كه‌یان جێهێشتووه، به‌ڵام له به‌رامبه‌ردا گرێبه‌ستیان له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك یاریزانی زۆر باش كردووه هیوادارم بتوانین ركابه‌ری بكه‌ین.