نێچیرڤان بارزانی: كوردستان دەیسەلمێنێت كە دەستوەردانی رزگاركەر دەتوانێت سەربگرێت

"دەستوەردان بەر لە 30 ساڵ زەمینەی بنیاتنانی دەوڵەتەکەمانی رەخساند"

نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان
نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان

K24 – هه‌ولێر:

نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ وتارێكدا، كه‌ له‌ رۆژنامه‌ی تایمز بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، رایگه‌یاند، هەموو دەستوەردانەکان هەڵە نین، ئەو رێکارەی کە بەریتانیا و ئەمه‌ریکا و فەرەنسا و وڵاتانی دیکە لە ساڵی 1991دا لە کوردستانی عێراقدا گرتیانە بەر بە سەدان هەزار هاووڵاتیانی  منی لە کوشتن لە سەر دەستی سەدام حسەین رزگار کرد.

له‌ سه‌ره‌تای وتاره‌كه‌دا نێچیرڤان بارزانی نووسیویه‌تی: کشانەوەی خێرای وڵاتانی رۆژئاوا لە ئەفغانستان سەرلە نوێ مشتومڕی لە بارەی دەستوەردانی لیبراڵییەوە گەرم کردەوە. راستییەک هەیە کە زۆر جار ئەم گفتوگۆیە فەرامۆشی دەکات، ئەویش ئەوەیە کە هەموو دەستوەردانەکان هەڵە نین.

هه‌روه‌ها نووسیویه‌تی: ئەو رێکارەی کە بەریتانیا و ئەمه‌ریکا و فەرەنسا و وڵاتانی دیکە لە ساڵی 1991دا لە کوردستانی عێراقدا گرتیانە بەر بە سەدان هەزار له‌ هاووڵاتیانی منیان لە کوشتن لە سەر دەستی سەدام حسەین رزگار کرد.

ئه‌وه‌شی نووسیوه‌: پرۆسەی ناوچه‌ی ئارام بیرۆکەی جۆن مەیجەرە، دواتریش ناوچەی دژە فڕین کە بۆ ماوەی 12 ساڵ کوردستانی پاراست. ئەوانە پانتایی و ئاسایشێکی رێژەییان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و دامەزراندنی پارلەمان و دامەزراوە حکوومیەکان و هێزی سەربازیی شەرعی (پێشمەرگە) رەخساند. کە لە ساڵی 2003شدا عێراق ئازاد کرا، دەستمان کرد بە سەر لە نوێ ئاوەدانکردنەوەی هەزاران گوندی وێرانکراوی دەستی بەعسیەکان، دامەزراندنی پیشەسازیی نەوت و ئابووریی بازاڕی گەشەسەندوومان خوڵقاند.

نێچیرڤان بارزانی، هه‌رێمی كوردستانی له‌ وتاره‌كه‌یدا به‌ ده‌وڵه‌ت ناوبردووه‌ و نووسیویه‌تی: "دەستوەردان بەر لە 30 ساڵ زەمینەی بنیاتنانی دەوڵەتەکەمانی رەخساند".

له‌ باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێم و به‌ریتانیاش رایگه‌یاندووه‌، "ئەمڕۆ گەلی کوردستان و بەریتانیا هاوڕێی بەهێزی یەکدین، هاوبەشی بازرگانی و هاوپەیمانن لە شەڕی دژی تیرۆردا، سەردانم لەم هەفتەیەدا بۆ بەریتانیا بۆ بەرز راگرتنی ئەو هاوبەشیە بەهێزەیە کە لە وەبەرهێنانی بەریتانیا لە کوردستاندا رەنگی داوەتەوە لەگەڵ پەرۆشیی گەنجانمان لە کوڕان و کچان بۆ خوێندن لە زانکۆکانی بەریتانیا و بوونی رەوەندێکی پێگەیشتووی کوردی لە سەرانسەری بەریتانیادا".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌، "هێشتا شەڕە هاوبەشەکەمان لە دژی تیرۆر کۆتایی نەهاتووە و پێویستیمان بە دانبەخۆداگرتنی ستراتیژی هەیە.

تا ئێستاش رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) لە عێراق و سووریا و دەوروبەردا چالاکە. هەروەک چۆن بینیمان تاڵیبان چاوەڕوانی کشانەوەی هێزە دژه‌کانی لە ئەفغانستان دەکرد، داعشیش هیچ پەلەی لە خۆبەدەستەوەدان یان هەڵهاتن نییە."

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وتاره‌كه‌دا، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان باسی له‌وه‌كردووه،‌ "پێشمەرگە لەگەڵ هێزەکانی عێراقی و وڵاتانی خۆرئاوا بەردەوامە لە بەرەنگاربوونەوەی ئەم هەڕەشەیە، چونکە ئاییندەمان و ئاسایشی هاوپەیمانان کە لەناو ماڵەکەیاندا کردەی تیرۆریستیی جەرگبڕیان چەشتووە، پشت بەو بەرنگاربوونەوەیە دەخوازن."

له‌ باره‌ی رۆڵی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر، له‌ وتاره‌كه‌یدا، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان نووسیویه‌تی: کوردستان دەکەوێتە سەر نەخشەی رووبەڕووبوونەوە لە نێوان ئازادی و خۆسەپاندن، هیوا و تاریکیدا. گرووپە توندڕەو و تیرۆریستیەکان هەڕەشە لە خۆمان و شێوازی ژیانمان دەکەن، بەڵام ئێمە هەر بە په‌ناگه‌ی ئارام و لوتکەی لێبوردەیی دەمێنینەوە. ئێمە پێشوازیمان لە نزیکەی یەک ملیۆن پەنابه‌ری سووریا و ئاوارەی عێراقیی هەڵهاتوو لە دەست داعش کردووە  کە ئەگەر دەرگامان بە روویاندا نەکردایەوە چارەنووسیان یان کوشتن بوو یاخود کۆچی بە کۆمەڵی پەنابەران بۆ وڵاتانی ئەوروپا."

سه‌باره‌ت به‌ فره‌ ئاینی له‌ هه‌رێمی كوردستاندا نێچیرڤان بارزانی نووسیویه‌تی: ئێمە پێشوازی لە هەموو ئایینەکان دەکەین و قبووڵیان دەکەین: کریستیانەکان، ئێزیدیەکان و موسوڵمانان و هەموو ئایینزاکانی دیکە".

له‌ كۆتایی وتاره‌كه‌یدا، نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان دووپاتیكردووه‌ته‌وه‌، كه‌ ده‌ستوه‌ردانی مرۆیی گرنگه‌ و نووسیویه‌تی: "مشتومڕ لە بارەی ئەفغانستانەوە درێژەی دەبێت، بەڵام دەستوەردان لە کوردستاندا سەرکەوتن بوو بۆ بەریتانیا و سەرجەم مرۆڤایەتی. وەک چۆن پێویستە لە هەڵەی کەسێک فێر بین و عیبرەت وەر بگرین، ئاوایش گرنگە سەرکەوتنەکانی کەسێک بەرز بنرخێنین".