کەشناسی: دوێنێ پاییز نەبوو

کاتی کۆتایی هاتنی وەرزی هاوین ئاشکرا دەکرێت

دیمەنێکی وەرزی پاییز لە گوندی دەرگەڵەی سنووری قەزای رواندز - فۆتۆ: یاسین شەهاب
دیمەنێکی وەرزی پاییز لە گوندی دەرگەڵەی سنووری قەزای رواندز - فۆتۆ: یاسین شەهاب

K24 – سلێمانی

هەر چەندە دوێنێ 21/9/2021، زۆر لە هاووڵاتییان لە سۆشیال میدیا بە وێنە و شیعر و گۆرانی، پێشوازیان لە وەرزی پاییز کرد، بەڵام کەشناسی رەتیدەکاتەوە دوێنێ یەکەم رۆژی پاییز بووبێت.

ئاسۆ کەمال، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی سلێمانی بە کوردستان24ی راگەیاند، دوێنی یەکەم رۆژی پاییز نەبوو، بەڵکو ئەمشەو گۆڕانکاری وەرزی روودەدات و دەکەوێتە سەر وەرزی پاییز.

روونیکردەوە: "دەرئەنجامی ئەو پڕۆسە فەلەکییە ئەمڕۆ 22ی ئەیلوول لە کاتژمێر 10:20 خولەک بە کاتی هەرێمی کوردستان، کە ستوون بوونی خۆرە لەسەر هێڵی کەبەرەیی، کە بەهۆیەوە هاوسەنگ بوونی پاییزە لەنیوە گۆی باکوور و هاوسەنگ بوونی بەهارە لە نیوەگۆی باشوور، لەم کاتەدا درێژی کاتەکانی شەو و رۆژ وەک یەکی لێدێت، دەتوانین بڵێین زیاتریش ئاراستەکانی رۆژهەڵات و رۆژئاوا بە تەواوی بەدەردەکەوێت".

سەبارەت بە پلەکانی گەرما گوتی: "هەرچەندە ساڵی 2021 پڕبوو لە رووداو و گۆڕانکاری کەشوهەوا، رێژەی بارانبارین کەمبوو، هاوکات هاتنی شەپۆلی گەرما، بەڵام لە وەرزی هاویندا لە هەرێمی کوردستان تا رادەیەک پلەی گەرما لە ئاستی تێکڕایی خۆیدا بوو، بەراورد بە ساڵی 2020، ئەمساڵ مانگی 9 فێنکترە، لەم مانگەدا پلەی گەرما زیاتر لە ئاستی تێکڕایی خۆیدایە هەندێک جاریش بۆ خوار ئاستی تێکڕا دادەبەزێت".