بارزانى: گه‌لى كورد له‌ سووريا ته‌نيا نييه‌

رايگه‌ياند، پشتيوانى خه‌باته‌كه‌يان ده‌كات و گه‌لى كورد له‌ سوريا ته‌نيا نييه‌.

K24 – هه‌ولێر:

مه‌سعود بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ ميانى كۆبوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ شاندى مه‌كته‌بى سياسى پارتى ديموكراتى كوردستان- سوريا رايگه‌ياند، پشتيوانى خه‌باته‌كه‌يان ده‌كات و گه‌لى كورد له‌ سوريا ته‌نيا نييه‌.

ماڵپه‌ڕى سه‌رۆكايه‌تى هه‌رێمى كوردستان بڵاويكردووه‌ته‌وه‌، كه‌ ئه‌مڕۆ مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە سعود مەلا سكرتێری پارتی دیموكراتی كوردستان – سووریا و ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی ئەو حزبە كرد.

له‌ هه‌واڵه‌كه‌دا هاتووه‌: لە دیدارەكەدا سعود مەلا سكرتێری پارتی دیموكراتی كوردستان – سووریا سوپاسی خەمخۆری و پەرۆشیی سەرۆك بارزانی بۆ دۆزی كورد لە سووریا و یارمەتیدان و هاوكارییەكانی سەرۆك بارزانی و هەرێمی كوردستانی كرد بۆ گەلی كورد لە سووریا و رایگەیاند، كە حزبەكەیان پشتئەستوور بە جەماوەری خۆیان و پشتیوانیی سەرۆك بارزانی بە نەفەس و هێزێكی زیاترەوە بەردەوام دەبن بۆ گەیشتن بە ئامانجە نەتەوەییەكانیان و لە قوتابخانەی بارزانیی نەمر فێری قوربانیدان و بەرخودان و مێرخاسی بوونە و جەماوەری كورد لە سووریا بە ئومێدەوە تەحەمولی سەختی و تەحەدییاتەكان دەكەن.

ماڵپه‌ڕه‌كه‌ ئه‌وه‌شى خستووه‌ته‌ڕوو، كه‌ هەر لەو دیدارەدا شاندی میوان بارودۆخی مەیدانی و سیاسیی سووریا و پەیوەندییەكانی نێوان لایەنە كوردییەكان و ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بۆ سەرۆك بارزانی شیكردەوە و داوایان كرد كە سەرۆك بارزانی رێنوێنی و ئامۆژگاریی پێویستیان بۆ بخاتەڕوو.

لە بەرامبەردا  سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان مه‌سعود بارزانی ستاییشی خۆڕاگریی گەلی كوردی كرد لە سووریا و راشیگەیاند كە گەلی كورد لە سووریا بە تەنیا نییە و وەك هەمیشە بە هەموو توانایەك پاڵپشتی مافی رەوای گەلی كورد لە سووریا و خەباتی نەتەوەیی و دیموكراتیان دەبێت. ئەوەیشی خستەڕوو كە پارتی دیموكراتی كوردستان لە سووریا یارمەتیی شۆڕشی گوڵانی داوە و ئەوە بابەتێكە هیچ كات لە یاد ناكرێت.

 

هەر لەو دیدارەدا بیروڕا لەبارەی ئاییندەی سووریا و دۆزی رەوای كورد لە سووریا ئاڵوگۆڕ كرا و سەرۆك بارزانی ئامۆژگاری و رێنوێنیی پێویستی لەبارەی چۆنییەتی مامەڵەكردن لەگەڵ پێشهاتەكان خستەڕوو.