وەزیری دارایی لەبارەی دابەشکردنی مووچە زانیاری دەخاتەڕوو
"لە 7ی مانگەوە نووسراومان ئاراستەی وەزارەتی دارایی عێراق کردووە"
K24 – سلێمانی
وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی دابەشکردنی مووچە و هاتنی 200 ملیار دینارەکەی عێراق زانیاری دەخاتەڕوو، جەختیشدەکاتەوە، حکومەتی هەرێم درێغی نەکردووە و نایکات بۆ دابینکردنی مووچە.
ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا و لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری کوردستان24 گوتی: "بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کە دوو جار ئەو بڕیارەی دەرکردووە، ئومێدمان ئەوەیە کە 200 ملیار دینارەکەی بەغدا دێت، بەڵام هەموومان ئەزموونی پێشووی عێراق دەزانین و دۆخی عێراق لە ئان و سات دایە بە ئەرێنی یان نەرێنی، بەڵام ئەوەی کە گرنگە حکومەتی هەرێم هیچ کەمتەرخەمی نەکردووە و نایکات بۆ دابینکردنی مووچەی هاووڵاتییان، هیواداریشین عێراق لەسەر ئەم سیاسەتەی ئێستای بەردەوام بێت".
گوتیشی: "لە 7ی مانگەوە بە فەرمی نووسراومان ئاراستەی وەزارەتی دارایی عێراق کردووە، بەگوێرەی زانیارییەکان تائێستا تەمویلیان نەکردووە".
سەبارەت بە کەمکردنەوەی مووچەی پلە تایبەتەکان، ئاوات شێخ جەناب گوتی: "ئەو ئیجرائاتانەی حکومەتی هەرێم دەستیپێکردووە لەسەر هەمووی بەردەوام دەبێت، ئەوەی گرنگە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی لەبارەی پلە تایبەتەکان گەڕانەوەی بۆ نییە و دەبێ جێبەجێ بکرێت، هەموو پلە تایبەتەکانیش بە سوپاس و خۆشحاڵییەوە ئامادەییان دەربڕیوە کە لەگەڵ گوزەرانی خەڵک بن، نەمبیستووە کەسیان گلەیی بکەن".
وەزیری دارایی، لەبارەی دەروازە سنوورییەکان ئاماژەی بەوەدا: "دەروازەکانی عێراق بە باشی کۆنترۆڵ ناکرێن و پشێوی هەیە، ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر سنووری پەروێزخان و باشماخ هەبووە، وەزارەتی دارایی سەرقاڵی چارەسەرکردنی ئەو گرفتەکانن، هەواڵی خۆشمان پێدەگات کە بەرەو باشی دەڕوات".