زۆربەی وڵاتان لەگەڵ جێگیركردنی بەرھەمھێنانی نەوتن

بەبەشداری 13 وڵاتی ئەندام لە رێكخراوی ھەناردەكاری نەوت كۆبونەوەی ئۆپێك لە ڤيه‌نای پايته‌ختى نه‌مسا دەستیپێكرد

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/3eaa8176-aa04-40f4-9f15-023c916b3117/OPEC%20meets%20in%20Vienna.ism/manifest

K24 – هه‌ولێر:

دوێنێ بەبەشداری 13 وڵاتی ئەندام لە رێكخراوی ھەناردەكاری نەوت كۆبونەوەی ئۆپێك لە ڤيه‌نای پايته‌ختى نه‌مسا دەستیپێكرد و دوای گفتوگۆیەكی زۆر لەبارەی جێگیركردنی بەرھەمھێنانی نەوت و سەقامگیربوونی بازار، وەك كۆبونەوەكانی رابردوو وێڕای نەبوونی ھیچ ئەنجامێك لەھەمانكاتدا بووە ھۆی دابەزاندنی 60 سەنت لەنرخی ھەر بەرمیلێك، ھەر لەو كۆبوونەوەیە محەممەد باركیندۆی نایجیريايی وەك ئەمینداری گشتی ئۆپێك ھەڵبژێردرا.

كوبونەوەكەی ئەمجارەی ئۆپێك وەك كۆبوونەوەكانی رابردوو،  سەبارەت بەجێگیركردنی ئاستی بەرھەمھێنانی نەوت ھیچ ئەنجامێكی لێنەكەوتەوە، ئەمجارەش سعودیە و ئێران وەك دوو وڵاتی سەرەكی ناو ئۆپێك نەگەیشتنە رێككەوتن، سعودیە پێی وایە لەكاتی ئێستادا بازار پێوستی بە نەوتی زیادە نیە و ناكرێت نەوت ھاوشێوەی لافاو بۆ بازارەكانی بچێت.

خالید فالیح، وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتیيەكانی سعودیە گوتى: ئەگەر كەموكوڕی پێداوستی نەوت لەبازار ھەبێت، ئەوا داوا لە سعودیە كراوە خۆی لەگەڵ داواكاریيەكانی بازاری جیھانی و كڕیارەكانیدا بگونجێنێت، ئێمە تەنیا دەمانەوێت پێداوستی بازار دابین بكەین، بەڵام ئێستا رۆژانە بڕی نەوتی بازاڕخراو روو لە زیادبوون دەكات كۆگاكان زیاد لە پێویست نه‌وتیان تێیدایە.

سعودیەو وڵاتانی كەنداوی عەرەبی و زۆربەی وڵاتانی ئەندام لەو رێكخراوە ھاوڕابون لەسەر جێگیركردنی بەرھەمھێنانی نەوت، بەڵام ئەم پێشنیازە تاكو ئێستا بۆ ئێران جێگای قبوڵكردن نیە و بەڵام ئامادەشە لەگەڵ لایەنەكان دابنیشێت، ئەگەرچی 13 وڵاتى ئەندام لەو كۆبونەوەیە بەشداربوون، بەڵام تیشك خرابووە سەر  ئێران و سعودیە  تاكو بتوانن  دوو قۆڵی بگەنە رێككەوتن و كۆتایی بەو ململانێيە بھێنن و وڵاتانی دیكەش سوود لەو رێككەوتنە ببینن.

خۆسیە بۆتیلۆ دی، وەزیری نەوتی ئەنگۆلیا گوتى: وڵاتەكەمان پێوستی بە بەزیادكردنی نرخی نەوت ھەیە لە ئێستاشدا نرخی یەك بەرمیل نەوت 50 دۆلارە خراپ نییە، بەڵام ئێمە پێویستمان بەوە ھەیە نرخەكەی زیاتر بێت.

 

كۆبوونەوەكەی ئەمجارە نەك ھەر ئەنجامی نەبوو، بەڵكو دوای كۆبوونەوەكە راستەوخۆ  كاریگەری خراپی لەسەر نرخی نەوت دروستكرد و بە رێژەی لەسەدا 1.20   نرخی نەوتی دابەزاند، بڕیاریشە لەكۆتایی مانگی تشرينى دووه‌م وڵاتانی ئەندام لەگەڵ مەحەممەد باركیندۆی ئەمیندارە نوێكەی ئۆپێك جارێكی دیكە كۆببنەوە.