سەرۆکی پارتی لیبرال دیموکراتی رووسیا: توركیا دەیەوێت بەشی باکووری سووریا بخاته‌ سەر نەخشەی وڵاتەکەی

"پێویست بوو رووسیا هاوکاری دروستبوونی دەوڵەتی کوردستانی بکردایە"

K24 - رووسیا:

ڤلادیمێر ژیرنۆڤسکی، سەرۆکی پارتی لیبرال دیموکراتی رووسیا، تایبەت بە کوردستان24ی راگەیاند، تورکیا دەیەوێت بەشی باکووری سووریا بگەڕێنێتەوە سەر نەخشەی وڵاتەکەی و لە رۆژهەڵات و باشووری کوردستان دایببڕێت.

سەرۆکی پارتی لیبرال دیموکراتی رووسیا دەشڵێت پێویست بوو لە سەردەمی قەیسەرەوە رووسیا هاوکاری دروستبوونی دەوڵەتی کوردستانی بکردایە و هەرگیز هەوڵی رزگارکردنی تورکیای لە گێژاوەکان نەدابووایە.

ڤلادیمێر ژیرنۆڤسکی گوتی: "پێموایە رووسیا هەر لە سەردەمی قەیسەرەوە دەبوو پشتیوانی لە پرسی کورد بکات، نەدەبوو هاوکاری تورکیا بکەن و لە گێژاو رزگاری بکەن، دەبووایە سەد ساڵ پێش ئێستا هاوکاری دروستبوونی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردییان بکردایە، بەڵام بەداخەوە ئەمە سەری نەگرت".

گوتیشی: "ڤلادیمێر لێنین بڕیاری دا هاوکاری تورکیا بکات، ئەمڕۆ تورکیا بووه‌تە دەوڵەتێکی گەورە و دژی دروستبوونی دەوڵەتی کوردییە. خەونی تورکیا ئەوەیە بەشی باکووری سوریا بگەڕێننەوە سەر نەخشەی خۆیان، دەیانەوێت پارچەکانی کوردستان لێکداببڕن و بوار نەهێڵنەوە بۆ یەکگرتنیان لەگەڵ رۆژهەڵات و باشووری کوردستان.

سەرۆکی پارتی لیبرال دیموکراتی رووسیا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، ئەمریکاییەکان ویستیان هاوکاری کورد بکەن بۆ دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆ، چەک و تفاقیشیان بۆ دابینکردن، بەڵام دواتر هاتن کاریان بە کارتی تورکیا کرد.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، لەم دۆخەی ئێستادا لە سووریا، تورکیا هەموو هەوڵێکی خۆی دەدات بۆ پچڕاندن و داگیرکردنی بەشی باکووری سووریا، ئەوە خەونی ئاڵی ئەردوغانە بۆ فراوانکردنی سنووری بندەسەڵاتی خۆی، بەرەو سووریا، عێراق، ئازەربایجان، قوبرس، ئێستا پەل بۆ ئەفغانستانیش دەهاوێژێ.

ڤلادیمێر ژیرنۆڤسکی روونیكرده‌وه‌، لەوێش کەمێک تورکزمان هەن، ئەم هەنگاوانە بە قازانجی ئەمه‌ریکایە، چونکە رووسیا تەنگەتاو دەکات، لە ئۆکرانیاش دەستوەردان دەکات، چونکە هاوسێی رووسیایە، دۆخەکە ئێستا بەمجۆرەیە، مەخابن ئێمە لە دەسەڵاتدا نین، ئەگەر ئێمە لە دەسەڵاتدا بوواین، دەوڵەتی کوردی ئێستا ئاڵاکەی دەشەکایەوە.