کێشەى مامۆستایانى وانەبێژ چارەسەر دەکرێت
وەزارەتی دارایی زانیاری دەخاتەڕوو
K24 – هەولێر
وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مامۆستایانی وانەبێژ وەزیری دارایی لەگەڵ وەزیری پەروەردە و سەرۆکی دیوانى ئەنجومەنى وەزیران کۆبوونەتەوە و بڕیاریانداوە چارەسەرى کۆتایى بۆ کێشەی مامۆستایانى وانەبێژ بکرێت.
وەزارەتی دارایی لە راگەیەندراوێکدا، ئاشکرای کرد: "سەرلەبەیانى ئەمڕۆ یەکشەممە 17/10/2021، لە دیوانى وەزارەتى دارایى و ئابورى، وەزیرى دارایى و ئابورى بە مەبەستى چارەسەرکردنى کێشەى مامۆستایانى وانەبێژ لەگەڵ هەریەک لە وەزیری پەروەردە و سەرۆکى دیوانى ئەنجومەنى وەزیران کۆبووەوە".
ئاماژە بەوەشکراوە: "لە کۆبوونەوەکەدا، هەر سێ لا لەسەر ئەوە رێککەوتن، کێشەى مامۆستایانى وانەبێژ چارەسەرى کۆتایى بۆ بدۆزنەوە، سووربوون لەسەر ئەوەى کێشەى مامۆستایانى وانەبێژ بە میکانیزمێکى نوێ چارەسەر بکرێت. لە کۆتایى کۆبوونەوەکە، بڕیاردرا لە ماوەیەکی نزیکدا کێشەی مامۆستایانی وانەبێژ چارەسەر بکرێت".