مەترسی هەیە مۆندیالی 2022 ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی رێژەی تەڵاق لە قەتەر
مەترسی هەیە بەهۆی میوانداریکردنی مۆندیالی 2022 لە قەتەر رێژەی جیابوونەوەی هاوسەران لەو وڵاتە زیاد بکات و کێشەی کۆمەڵایەتی لەو وڵاتە بەرز بێتەوە.
قەتەر پڕۆژەیەکی بۆ چۆنییەتی پێشوازیکردن لە هاندەران راگەیاندووە، کە بەگوێرەی پڕۆژەکە قەتەرییەکان دەتوانن لە ماڵەکانیان پێشوازیی لە هاندەرانی بیانی بکەن و لەجیاتی ئەوەی بچنە هۆتێل هاندەرە بیانییەکان ببنە میوانی قەتەرییەکان.
لە سەرەتای راگەیاندنی ئەم پڕۆژەیەوە بەشێکی قەتەرییەکان دەترسن بەهۆی ئەم پڕۆژەیە شیرازەی خێزانی لە کۆمەڵگاکەیان تێک بچێت، چونکە پێشبینی دەکرێت نزیکەی سێ ملیۆن هاندەر لە سەرانسەری جیهان بۆ مۆندیالی 2022 سەردانی قەتەر بکەن، کە بەشێکی زۆریان لە وڵاتانی ئەوروپییەوە دەچن، ئەمەش کاریگەری لەسەر شێرازەی خێزانی قەتەرییەکان دروست دەکات.
قەتەرییەکان دەترسن کچە شۆخ و شەنگەکانی ئەوروپا پیاوەکانیان فریو بدەن، بۆیە پێیانوایە ئەم پڕۆژەیە بە کەلکی قەتەر نایەت و لەگەڵ داب و نەریتی کۆمەڵگاکەیان ناگونجێت.
قەتەر بۆ ئەوەی بتوانێت بە باشترین شێوە میوانداریی مۆندیالی 2022 بکات، دەیەوێت جگە لەوەی ژمارەیەکی زۆری هۆتێلی دروستکردووە، لە ماڵەکانیش پێشوازیی لە هاندەرە بیانییەکان بکات کە لەوانەیە تووشی کەمی ژوور بێت بۆ مانەوەی هاندەران.
وابڕیارە ساڵی داهاتوو بۆیەکەمجار مۆندیال لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوە بچێت و قەتەر میوانداریی بکات، کە لە ماوەی 21ـی نۆڤێمبەر تا 18ـی دیسێمبەر دەکرێت.