ئەفغانستان لە لێواری برسيیەتی و قەیرانێکی مرۆیی زۆر مەترسیدار دایە
خەڵكی نانی رۆژانەیان بە زەحمەت دەست دەکەوێت و پێشبینی دهكرێت تا ناوەڕاستی ساڵی داهاتوو 97%ی ئەفغانییەکان بکەونە ژێر هێڵی هەژارییەوە

K24- ههولێر:
ئەفغانستان لە لێواری برسيیەتی و قەیرانێکی مرۆیی زۆر مەترسیدار دایە، خەڵكی نانی رۆژانەیان بە زەحمەت دەست دەکەوێت. نەتەوەیەکگرتوەکان هۆشداری ئهوه دەدات، تا ناوەڕاستی ساڵی داهاتوو 97%ی ئەفغانییەکان دەکەونە ژێر هێڵی هەژارییەوە. ئەفغانیەکانیش هۆکاری تێکچوونی دۆخی ئابووری و مرۆیی وڵاتەکەیان بۆ ئەوە دەگەرێننەوە، کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دانی بە حکومەتەکەی تاڵیباندا نەناوە و سزاکانیان لەسەر تاڵیبان هەڵنەگرتوون و سیستمی بانکی وڵاتەکەیان هەرەسی هێناوە.
بهگوتهی سەمیعەڵا خان، كه خاوەنی کارگەی دروستكردنی خشته، ساڵانە لەم کاتەدا ئەو خشتانەی لە كارگهكهی ئهو دروست دەکران هەموویان دەفرۆشران، ئێستا زیاتر لە 2 ملیۆن خشت لە کارگەکەدا ماونەتەوە و نافرۆشرێن. لەگەڵ هاتنی تاڵیبان ئیش و کار و بزنس لە ئەفغانستان وەستاوه، بێکاری و برسییەتی لەو وڵاتە رۆژ دوای رۆژ لە هەڵکشاندایە.
ئهو خاوهن كارگهیه دووپاتیكردهوه، "لە کوورەکاندا زیاتر لە 2 ملیۆن خشتمان هەیە و نەفرۆشراون. ئەگەر حکومەت و ئەو دەسەڵاتەی لە ئەفغانستان هەیە بگۆردرێن، لەوانەیە بازار بجووڵێت و بتوانین خشتەکانمان بفرۆشین، ئەگەرنا چاوەڕێی هیچ شتێکی باش لەم حکومەتەی تاڵیبان ناکەین. داوا دەکەین کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دان بە حکومەتی تاڵیباندا بنێت، بۆ ئەوەی سیستمی بانکی بەکاربکەوێت و بازار و کار بکرێتەوە."
لەگەڵ بەردەوامی وشکەساڵی، نەتەوەیەکگرتوەکان پێشبینی دەکات له 95%ی خەڵکی ئەفغانستان رووبەڕووی برسییەتی ببنەوە و لەسەدا له 97%ـش بکەونە خوار هێڵی هەژارییەوە.
لە بەیانەوەیە خەڵکی لە بازارەکانی ئاڵوگۆڕی دراو لهو وڵاته سەرهیان گرتووە و چاوەڕێی وەرگرتنی ئەو پارەیە دەکەن، كه کەسوکاریان لە وڵاتانی رۆژئاواوە بۆیان حەواڵە کردوون، بەهۆی نەبوونی نهختینهی پێویست، هەر کەسێك لە یەك هەفتەدا دەتوانێت تەنیا 200 دۆلار وەربگرێت.
لهو بارهیهوه حاجی ئەمین، خاوەنی نوسینگەی ئاڵوگۆڕی دراو گوتی: ماوهی 40 ساڵە لێرە کاردەکەم، تا ئێستا رووبەڕووی کێشەی لەمجۆرە نەبوومەتەوە، بەتایبەتی لە سیستمی بانکی. لەگەڵ هاتنی تاڵیبان ئەم کێشانە سەریانهەڵدا، هۆکارەکەشی ئەوەیە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دانی بە حکومەتەکەی تاڵیباندا نەناوە."
هاوكات موحەبەت یەکڕەنگ، كه فرۆشیاره، ئاماژهی بهوهدا، "خەڵکی کەلوپەلی ناوماڵی خۆیان دەفرۆشن و خۆراك و پێداویستی رۆژانەیانی پێ دەکڕن. هەندێك کەس ناتوانن ئارد و رۆن و پێدوایستیەکانی دیکەیان بکڕن. هەندێکیشیان هەموو شتی خۆیان دەفرۆشن و دەیانەوێت ئەفغانستان بەیەکجاری بەجێبهێڵن و بڕۆنە دەرەوە."
ئەمهریکا ملیاردهها دۆلاری ئەو وڵاتەی بلۆك کردووە، جیا لەوەی هێشتا سزاکانی سەر تاڵیبانی هەڵنەگرتوون، ئەمەش بووەتە کێشە بۆ بانکی ناوەندی و بانکە بازرگانییەکان و ناتوانن پارە ئاڵوگۆڕ بکەن و جووڵەی پارە لەو وڵاتە وەستاوە و خەڵکی کەوتوونەتە دۆخێکی ئابووری زۆر سەختەوە.
H.B