فێستیڤاڵی شانۆی سەرشەقام لە سۆران - رواندز دەستپێدەکات
هەشت گرووپی شانۆیی بەشداری لە فێستیڤاڵەکەدا دەکەن

K24 - سۆران
ئەمڕۆ پێنجشەممە 28/10/2021، بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە بەرپرسانی حكومی و حزبی و ھونەرمەند و ھونەردۆستان، لەژێر چاودێری ھەڵگورد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران، فێستیڤاڵی شانۆی سەرشەقام لە سۆران - رواندز لەژێر ناوی (گەڕانەوەی ژیان بۆ مرۆڤایەتی) دەستپیپێکرد.
ئەو فێستیڤاڵە بە بەشداری ھەشت گرووپی شانۆیی لە شارەكانی كوردستان بەڕێوەدەچێت و شانۆگەرییەكان لەسەرشەقام و ناوچە جیاوازەكانی سۆران و رواندز نمایش دەكرێن.
یوسف عومەر، بەڕێوەبەری رۆشنبیری و هونەری سۆران بە کوردستان24ی راگەیاند: "چەند ساڵێکە بەهۆی قەیرانی دارایی و ڤایرۆسی کۆرۆنا، چالاکیی گەورەی هونەری لەم سنوورە ئەنجامنەدراون، بۆیە ئەم چالاکییە گرنگی خۆی دەبێت".
گوتیشی: "دەستپێکی فێستیڤاڵ لەناو هۆڵە، بەڵام شانۆگەرییەکان لەسەر شەقام و شوێنە گشتییەکان نمایش دەکرێن".
لە دەستپێکی رۆژی یەكەمی فێستیڤاڵ چەند وتارێك لەلایەن سەرپەرشتیار و لیژنەی ئامادەكاری فێستیڤاڵ پێشكەش دەكرێن. دواتر گەشتێكی گۆرانی و موزیك لەلایەن مامۆستا و قوتابیانی پەیمانگای ھونەرەجوانەكانی رواندز پێشكەش دەكرێ. ھەروەها گرووپی سەمای لەیزین-ی سلێمانی نمایشێك دەكەن.
ھەر لە رۆژی یەكەمی فێستیڤاڵی سەرشەقام چەند شانۆگەریەك لەلایەن گرووپەكانی پیرەمەگرون - سلێمانی، گرووپی شانۆ بۆ شانۆی سەرشەقام-كۆیە، گرووپی شانۆی ئایندەی كەركووك نمایش دەكرێن.
فێستیڤاڵی شانۆی سەرشەقام ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت و رۆژانە لەسەرشەقام و شوێنە گشتییەكانی ھەردوو قەزای رواندز و سۆران، چەند شنۆگەریەك نمایش دەكرێن.
ھەر لە چوارچێوەری بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵ، چەند سیمینار و پانێلێك لەبارەی شانۆ بەگشتی و شانۆی سەرشەقام بەتایبەتی بەڕێوەدەچێت.
گرووپە بەشداربووەكانی فێستیڤاڵ بریتین لە: تیپی شانۆی پیرەمەگرون-سلێمانی، گرووپی شانۆ بۆ شانۆی سەرشەقام – كۆیە، گرووپی شانۆی ئایندەی كەركووك، گرووپی شانۆی دەربەندیخان، گرووپی شانۆی شۆڕشڤان-دھۆك، گرووپی شانۆی ھەولێر، گرووپی سەمای لەیزین-سلێمانی، گرووپی شانۆی دیالۆگ-كەركووك.



