تەها قادر: پێویستە وەکو یانەکانی دهۆک و زاخۆ لە هەولێریش گۆڕانکاریی بکرێت
تەها قادر بەربژێری هەڵبژاردنەکانی دەستەی کارگێڕی یانەی هەولێر دەڵێت 'پێویستە وەکچۆن لە یانەکانی دهۆک و زاخۆ گۆڕانکاریی کرا لە هەولێریش گۆڕانکاریی بکرێت بۆ ئەوەی یانەکە بگەڕێتەوە سەردەمی زێڕینی'.
تەها قادر، راهێنەری پێشووی یانەی هەولێر و بەرژێری هەڵبژاردنەکانی یانەکە لەمیانی بەشداریکردنی لە ئەمڕۆی وەرزش لە کوردستان24 گوتی 'ئێمە زۆر کاری نادرووستمان لە یانەکە بینی، بێسەروبەریی لە رێکخستن و ئامادەکردنی تیپەکانی یانەکە هەیە بۆیە بڕیارمان دا خۆمان بەربژێر بکەین، ئێمە دەمانەوێت ئەو هەڵانە راست بکەینەوە کە ساڵانێکە دەستەی کارگێڕی یانەی هەولێر دەیانکەن، چونکە یانەکە خاوەنی پڕۆژەی وەبەرهێنانی خۆیەتی و دەتوانێت لەسەر رێگایەکی راست بڕوات'.
تەها قادر لە وەڵامی قسەکانی عەبدوڵڵا مەجید سەرۆکی یانەی هەوڵێر کە ئەوانەی بە هۆکاری ئەنجامە خراپەکانی ئەمدواییەی یانەکەی تۆمەتبار کردبوو، گوتی 'هەندێک کەس کاتێک شکست دەهێنن شکستەکان دەخەنە ئەستۆی کەسانی دیکە، ئەگینا ئێمە لە دۆڕان و ئەنجامە خراپەکانی یانەکە بەرپرسیار نین، ئێمە لە بەرپرسیارەتی راناکەین، بەڵام ئێمە تەنیا بە 25 رۆژ تیپەکەمان دروستکرد و ئەنجامی باشمان بەدەستهێنا'.
هەروەها گوتیشی 'ئەو داهاتەی لە یانەی هەولێر هەیە نەک یانەیەک بەڵکو دوو یانەی وەکو یانەی هەولێری پێ بەڕێوە دەبردرێت، ناڕوونییەک لە بودجە و داهاتی یانەی هەولێر هەیە، پێویستە داهاتەکانی یانەکە رێک بخرێتەوە، ئێمە دەمانەوێت یانەی هەولێر نەک پێویستی بە یارمەتی حکومەت هەبێت، بەڵکو ئامانجمانە یانەی هەولێر باج بە حکومەت بدات، چۆن دەبێت مۆڵی یانەکە پارەی کرێی یانەکە لە پارەی خزمەتگوزارییەکانی بەکرێگرتنی دوکانێکی مۆڵەکە زیاتر بێت'.
تاها قادر دەشڵێت 'دڵنیام گۆڕانکاریی لە یانەی هەولێر دەکرێت، داوا لە یاریزانانی یارییە جیاوازەکانی هەولێر دەکەم بەهیچ شیوەیەک دەنگ بە بەرپرسانی ئێستای یانەکە نەدەن بۆ ئەوەی بتوانین یانەکە بگەڕێنینەوە سەردەمی زیڕینی، چونکە پیویستە هاوشیوەی دهۆک و زاخۆ لە هەوڵیریش گۆڕانکاریی بکرێت'.
وابڕیارە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو کاتژمێر 03:00ـی دوای نیوەڕۆ هەڵبژاردنی دەستەی کارگێڕی یانەی هەولێر بکرێت.