نرخی نەوت لە مامەڵەکانی ئەمڕۆ دابەزی

نرخی هەر دوو جۆری نەوت لە مامەڵەکانی رۆژی چوارشەممەدا گەورەترین دابەزینی رۆژانەیان لە دوای مانگی ئاب تۆمار کرد

نرخی نەوت لە مامەڵەکانی ئەمڕۆش دابەزی
نرخی نەوت لە مامەڵەکانی ئەمڕۆش دابەزی

K24 – هه‌ولێر:

دوای ئەوەی ئێران و وڵاتە زلهێزەکان رێککەوتن بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستاندنە ئەتۆمییەکان پێشبینی دەکرێت ئەو هەوڵە کاریگەری لەسەر هەڵگرتنی سزاکانی ئەمریکا و دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی ئێران هەبێت بۆیە نرخی نەوت لە مامەڵەکانی ئەمڕۆ پێنجشەممە دابەزی.

نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بە رێژەی سەدا 0.71 بۆ 81.41 دۆلار دابەزی، نرخی بەرمیلێک نەوتی رۆژئاوای تێکساسیش بۆ سێیەم رۆژی مامەڵەی لەسەر یەک بە رێژەی سەدا 1.03 بۆ 80.03 دۆلار دابەزی.

نرخی هەر دوو جۆری نەوت لە مامەڵەکانی رۆژی چوارشەممەدا گەورەترین دابەزینی رۆژانەیان لە دوای مانگی ئاب تۆمار کرد، بە شێوەیەک دوای بڵاوبوونەوەی داتاکانی پەیوەست بە نەوتی عەمبارکراوی ئەمریکا نرخی نەوت بۆ کەمترین ئاستی مانگی رابردووی دابەزی.

بڕیارە 29ـی ئەم مانگە دانوستاندنەکان بۆ زیندووکردنەوەی رێککەوتنامەی ئەتۆمی دەستپێبکاتەوە، تارانیش داوای لە ئەمریکا کردووە سزاکانی پەیوەست بە هەناردەکردنی نەوتی وڵاتەکەی هەڵبگرێت.
هەروەها ئەمڕۆش رێکخراوی وڵاتانی هاوپەیمانی ئۆپێک کۆدەبنەوە و پێشبینی دەکرێت گوێ بە گوشارەکان نەدەن بە گوێرەی پلانەکانیان ئاستی بەرهەمهێنان بەرزبکەنەوە.