لە چەند کاتژمێری داهاتوو بارسێلۆنا و سەد دەگەنە رێککەوتن

چاڤی هێرناندێز
چاڤی هێرناندێز

چاوەڕێ دەکرێت لە چەند کاتژمێری داهاتوو بەفەرمی بارسێلۆنا و سەد بگەنە رێککەوتن، پێشبینی دەکرێت رۆژی دووشەممە چاڤی هێرناندێز لە کامپ نوو وەکو راهێنەری نوێێ بارسێلۆنا بە میدیاکان بناسێنرێت.

میدیاکانی کەتەلۆنیا ئاشکرایان کردووە، شەوی چوارشەممە شاندی یانەی بارسێلۆنا لەگەڵ یانەی سەدی قەتەری کۆبوونەوە، گەرچی نەگەیشتنە رێککەوتنی کۆتایی بەڵام چاوەڕێ دەکرێت ئەمڕۆ پێنجشەممە هەموو شتێک یەکلا بێتەوە.

رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی کەتەلۆنی رایگەیاندووە، ئەمڕۆ چاڤی خۆی قسە لەگەڵ سەرۆکی یانەی سەد دەکات چونکە پێشتر بەڵێنی پێدرابوو ئەگەر بارسێلۆنا ئۆفەری پێشکەش بکات، رێگای پێبدەن یانە قەتەرییەکە بەجێبهێڵێت.

میدیاکانی ئیسپانیان رایانگەیاندووە، لە هەموو دۆخێکدا یانەی سەد لەگەڵ بارسێلۆنا دەگاتە رێککەوتن و ئەوان نایانەوێت پەیوەندییان تێکبچێت، لەوانەیە یەکێک لە ئۆفەرەکانی بارسێلۆنا ئەوە بێت، ساڵی داهاتوو یانە قەتەرییەکە لە یاریی جامی خوان گامبەر رووبەڕووی سەد بێتەوە.

بەگوێرەی سەرچاوەکانی جیرارد رۆمێرۆ رۆژنامەنووسی بەناوبانگی ئیسپانی دوێنێ چاڤی دوای یارییەکەیان بەرامبەر دوحەیل ماڵئاوایی لە یاریزانانی سەد کردووە و چاوەڕێ دەکرێت ئەمڕۆ پێنجشەممە یان سبەی هەینی گرێبەستی چاڤی یەکلا بێتەوە، ئەگەر یانە قەتەرییەکە رازی نەبێت دەستبەرداری چاڤی بێت ئەوا بلاوگرانا دەبێت پێنج ملیۆن یۆرۆ وەکو نرخی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی چاڤی بدات.