هه‌ڵمه‌تێكی فراوانی كوتان به ڤاكسینی كۆرۆنا له سلێمانی ده‌ستپێكرد
تیمه‌كانی ته‌ندروستی به شه‌و و رۆژ چه‌ند شوێنێكیان بۆ پێدانی ڤاكسین به هاووڵاتییان دیاریكردووه
K24- سلێمانی:
تەندروستی سلێمانی بە شێوەیەكی مەیدانی لە رێگەی تیمە تەندروستییەكانه‌وه ھەڵمەتێكی بەرفراوانی پێدانی ڤاكسین بە ھاووڵاتییان بەڕێوەدەبات، ھەڵمەتەكە بە ھاوبەشی ھەردوو وەزارەتی تەندروستی حكومەتی ھەرێمی كوردستان و وەزارەتی تەندروستی عێراق بەڕێوەدەچێت و ئامانجیان ئەوەیە، زۆرترین ژماره‌ی ھاووڵاتیان ڤاكسین وەربگرن، بۆ ئەوەی لە مەترسی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا پارێزراوبن.
یەکەم تیمی گەڕۆکی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی لەبەر دەرکی سەرا داندراوه، كە شوێنێكی گشتیییە و كەوتووەتە ناوەندی شار، ئەو تیمە دوای راگەیاندنی ھەڵمەتی نیشتمانیی ھەردوو وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و عێراق بۆ پێدانی ڤاکسین بە ھاووڵاتیان ده‌ستی به‌كار كردووه، محه‌مه‌د ره‌شید، كه ھاووڵاتییەكی بەتەمەنە و له‌گه‌ڵ بینینی تیمی پزیشكی راستەوخۆ چوو ڤاکسینی وەرگرت، گوتی: پێشتر ترسی ھەبووە کە ڤاکسین وەربگرێت، بەڵام ئێستا ئەو بڕوایەی بۆ دروستبووە، كە ڤاكسین تاكە رێگەیە بۆ خۆپاراستن لە په‌تای كۆرۆنا.
بڕیاره هه‌ڵمه‌ته‌كه تا 31ی مانگی داهاتوو به‌رده‌وام بێت و رۆژانەش لە کاتژمێر 8:30 خوله‌ك تا 12:30 خوله‌كی نیوه‌ڕۆ تیمه‌كان لە بەردەم باخی گشتی دەبن، پاشان لە کاتژمێر 1:30 خوله‌كی نیوه‌ڕۆ تا كاتژمێر 5:00ی ئێواره لەبەر دەرکی سەرا دەبن و شەوانیش لە کاتژمێر 6:00ی ئێواره تا 10:00ی شەو لە شەقامی سالم دەبن.
تا ئێستا لە پارێزگای سلێمانی رێژه‌ی 13%ی ھاووڵاتیان ڤاکسینیان وەگرتووە، لە کاتێکدا پێویستە تا کۆتایی ئه‌مساڵ ئه‌و رێژه‌یه بۆ 40% به‌رز بێته‌وه، تەندروستی سلێمانیش پلانی ئه‌وه‌ی هه‌یه، بە فراوانکردنی ئەم ھەڵمەتە رێژەی کوتان بەرزبکاتەوە.
H.B