له پارێزگای سلێمانی و ھەڵهبجە کێشەی تەکنیکی لە کۆکردنەوەی باج ھەیە
ئهندامێكی لیژنهی دارایی: ئەگەر سیستهمی باج لە ھەموو پارێزگاکان وەك یەك جێبەجێ نەکرێت، ھەنگاوی کرداری دەھاوێژن
K24- ههولێر:
کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ زیاد كردنی سەرچاوەکانی داھات و کۆکردنەوە و رێکخستنەوەی سیستەمی باج، یاسای باجی جێبەجێکردووە، لهو بارهیهوه جوتیار عادل، گوتەبێژی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێت: حکومەت باجی زیاد نەکردووە، بەڵکو ئەو یاسایەی کە ھەبووە وەك خۆی جێبەجێ کردووە، بەتایبەت کۆمپانیا گەورەکان، کە ساڵانێکە باجیان نەداوە لە پای ئەو داھاتەی دەستیان دەکەوێت، ناچارکران باج بدەن، ئەمە جگە لەوەی سیستەمی باج لە چوارچێوەی یاسای چاکسازیدا رێکخرایەوە.
بهگوێرهی بهدواداچوونی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان بۆ رێکخستنەوەی سیستەمی باج لە ھەرێمی کوردستان، لە سنووری پارێزگای سلێمانی و ھەڵهبجە کێشەی تەکنیکی لە کۆکردنەوەی باج ھەیە، بۆیە وەزارتی دارایی ماوەی مانگێك مۆڵەتی بە بەڕێوبەرایەتییەکانی ئەو سنوورە داوه، کە چارەسەری ئەو کێشەیه بکەن، ههر سهبارهت بهو بابهتهش لیزا فهلهكهدین كاكهیی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرای كرد، ھەنگاوێکی گرنگی کابینەی نۆیەم ئەوە بوو، کە سیستەمی باجی رێکخستەوە و گوتیشی: ئەگەر لەھەموو پارێزگاکان وەك یەك ئەم سیستەمە جێبەجێ نەکرێت، ھەنگاوی کرداری دەھاوێژن بۆ جێبەجێکردنی لە لایەن وەزارتی داراییەوە.
لە چوارچێوەی یاسای چاکسازیدا, کابینەی نۆیەم ی حكومهتی ههرێمی كوردستان تهواوی سیستەمی باجی لە ھەرێمی کوردستان رێکخستەوە بە کەرتی تایبەت و حکومیەوە، بەتایبەت کۆمپانیاکانی نەوت، کانزا و پیسەسازی، جگە لەمەش کۆکردنەوەی باجی دەروازە سنوورییەکانی لەڕێگەی وەزارەتی داراییەوە رێکخستەوە، کە ھەموو داھات و باجی گشتی و تایبەت بگەڕێتەوە خەزێنەی حکومەت، ئەمەش ئەو ھەنگاوە بوو، کە حکومەتی ھەرێمی کوردستان جەختی لەسەر دەکردەوە و بە کردار جێبەجێی کرد.
H.B