20 نەوتهەڵگری ئێران لە سریلانکا گیریان خواردووە
نزیکەی 20 نەوتهەڵگری ئێران لە سریلانکا گیریان خواردووە و تووشی قەیرانێکی مرۆیی بوونەتەوە، لە کاتێکدا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گوشار دەخاتە سەر حکوومەتی سریلانکا تاوەکو هیچ هاوکارییەکی ئەو کەشتییانە نەکات.
رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمریکی بڵاوی کردووەتەوە، نزیکەی 20 نەوتهەڵگری بەتاڵی ئێران لە مەودای 15 میل لە کەناراوەکانی باشووری رۆژئاوای سریلانکا گیریان خواردووە، بزوێنەرەکانیان کوژاندووەتەوە و تەنیا لەسەر ئاوەکە دەسووڕێنەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەکە، ئەو کەشتییانە رووبەڕووی قەیرانێکی سەختی مرۆیی بوونەتەوە، بەو پێیەی یەدەگی خۆراک، سووتەمەنی و ئاوی خواردنەوە لەسەر پشتی نەوتهەڵگرەکان بەرەو تەواوبوون دەچێت. لە هەمان کاتدا سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشکرای کردووە کە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە سریلانکا بە فەرمی هۆشداری داوەتە حکوومەتی ئەو وڵاتە تاوەکو هیچ هاوکارییەک پێشکەشی سەرنشین و نەوتهەڵگرەکانی ئێران نەکەن.
ئەم هەنگاوەی واشنتن لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانیدایە بۆ توندکردنەوەی گەمارۆ ئابوورییەکان و سزادانی تاران. لە مانگی تەممووزی رابردووەوە، دەیان نەوتهەڵگری سەر بە ئێران یان ئەو کەشتییانەی پەیوەندییان بە تارانەوە هەیە کە پێشتر لە رێگەی بازرگانیی نهێنییەوە نەوتی سزادراوی ئێرانیان بە وڵاتی چین دەگەیاند لە ئاوەکانی نزیک سریلانکا و مالیزیا پەکیان کەوتووە و گیریان خواردووە.