هه‌شته‌مین فیلمه فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی دهۆك به ئاماده‌بوونی مه‌سرور بارزانی ده‌ستیپێكرد
به نماییشكردنی فیلمی كوردی "ئه‌زموون" ده‌ست به كاره‌كانی دەكات
K24- دهۆك:
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ هه‌شته‌مین فیلمه فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی دهۆك به ئاماده‌بوونی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستی به كاره‌كانی كرد، كه بڕیاره بۆ ماوه‌ی 8 رۆژ به‌رده‌وام بێت و تیایدا 94 فیلمی كوردی و بیانی نماییش ده‌كرێن، كه 49 فیلمی بیانی له 30 وڵاتی جیاواز و 45 فیلمی كوردی پێكهاتوون.
فێستیڤاڵه‌كه به نماییشكردنی فیلمی كوردی به ناوی "ئه‌زموون" ده‌ست به كاره‌كانی دەكات، ئه‌و فیلمه به‌رهه‌مێكی هاوبه‌شه له نێوان هه‌رێمی كوردستان و ڵاتی ئه‌ڵمانیا، ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی تیشك ده‌خاته سه‌ر تاقیكردنه‌وه‌كانی پۆلی 12ی ئاماده‌یی و ئه‌و سترێسه‌ی له‌سه‌ر خانه‌واده‌كانی قوتابیان هه‌یه، ئه‌مه‌ش یه‌كه‌م فیلمی له‌و جۆره‌یه له هه‌رێمی كوردستان و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به گشتی له‌وباره‌یه‌وه به‌رهه‌مهێنرابێت.
رێكخه‌رانی فێستیڤاڵه‌كه، له ده‌ستپێكی كاره‌كانیدا سوپاسی دامەزراوەی كوردستان24ی كرد، كه ئه‌ركی راسته‌وخۆ په‌خشكردنی رێوڕه‌سمی كردنه‌وه‌ی فێستیڤاڵه‌كه‌ی له ئه‌ستۆ گرت.
له‌و رێوڕه‌سمەدا هه‌ریه‌ك له مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، حه‌مه‌ی حه‌مه سه‌عید، وه‌زیری رۆشنبیری و لاوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، عه‌لی ته‌ته‌ر، پارێزگاری دهۆك و ئه‌میر عه‌لی، سه‌رۆكی فیلمه فێستیڤاڵی دهۆك گوتاریان پێشكه‌شكرد.
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له گوتاره‌كه‌یدا رایگه‌یاند، به گوێره‌ی توانا هه‌موو پشتیوانییه‌كی ماددی و مه‌عنه‌ویی بۆ كاری هونه‌ری دووپات ده‌كه‌ینه‌وه و پابه‌ندین به پێشخستنی كولتوور و هونه‌ر و به‌داخه‌وه ئه‌و كاره‌ساتانه‌ی به‌سه‌ر كورددا هاتوون وه‌ك پێویست له سینه‌مادا ره‌نگیان نه‌داوه‌ته‌وه.
هه‌روه‌ها گوتی: خۆشحاڵم له فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی دهۆك به‌شدارم و ده‌ستخۆشی له ستافی رێكخه‌ری فێستیڤاڵه‌كه ده‌كه‌م و به‌خێرهاتنی میوانه‌كان ده‌كه‌م.