رۆبەرت فۆرد: ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە هاوکاریکردنی پێشمەرگە
"کشانەوەی 15 ساڵ پێش ئێستای هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق، جارێکی دیکە نابینرێتەوە"
K24 - هەولێر
رۆبەرت فۆرد، باڵیۆزی پێشووی ئەمەریکا لە سووریا رایدەگەیەنێت، ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە هاوکاریکردنی پێشمەرگە و سوپای عێراق، هیچ بابەتێک لە ئارادا نییە بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
رۆبەرت فۆرد، یەکێک بوو لە بەشداربووانی کۆڕبەندی ئاسایش و ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دهۆک، بە کوردستان24ی راگەیاند: "من یەکەم جارە بەشداری لەو کۆڕبەندە دەکەم، کۆڕبەندێکی سەرنجڕاکێشە و دوێنێ گفتوگۆیەکی باش ئەنجامدرا، بەرهەم ساڵح و عەمار حەکیم لە گوتارەکانیاندا باسیان لە کێشەکانی عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد".
سەبارەت بە ئەگەری کشانەوە یان کەمکردنەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سووریا، رۆبەرت فۆرد گوتی: "ئێستا هیچ پلانێک لە ئارادا نییە بۆ کەمکردنەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە سووریا، ئیدارەی بایدن بە راشکاوی رایگەیاندووە، ئەوان بەردەوام دەبن لە سووریا، لە هەمانکاتدا لەبارەی عێراق ئیدارەی بایدن پلانی هەیە بەردەوام دەبێت لە راهێنان و پشتیوانیکردنی هێزەکانی عێراق بەشێوەیەکی گشتی، لەو چوارچێوەیەشدا ئەمەریکا هاوکاری هێزی پێشمەرگە دەکات، ئەم هاوکاریکردنەی ئەمەریکا بۆ پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ شەڕکردنە دژی داعش. پێم وانییە هیچ هێزێکی ئەمەریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکشێتەوە، کشانەوەی 15 ساڵ پێش ئێستای هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق، جارێکی دیکە نابینرێتەوە".
دەربارەی پرسی سووریا و کاریگەرییەکانی لەسەر پەیوەندییەکانی واشنتن و ئەنقەرە، ئاماژەی بەوەدا: "گومان لەوەدانییە هاوکاری ئەمەریکا بۆ هێزەکانی سووریای دیموکرات و لەناویشیاندا یەپەگە، دەبێتە هۆی ئاڵۆزی و کێشە لەگەڵ تورکیا، بەگوتەی شارەزایانی کاروباری تورکیا، هیچ گۆڕانکارییەک لە سیاسەتی تورکیا بەرامبەر بە هێزەکانی سووریای دیموکرات و مامەڵە کردن لەگەڵ یەپەگە روونادات، بۆیە کێشەی نێوان ئەمەریکا و تورکیا سەبارەت بە سووریا بەردەوام دەبێت".
رۆبەرت فۆرد، گوتیشی: "ئەمەریکا هیچ پلانێکی بۆ سووریا نییە، وەک وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا جەختیکردووەتەوە خاڵی گرنگ بەلای ئەمەریکا بەردەوامبوونە لە شەڕی داعش لە سووریا، هاوکات هاوکاری مرۆییە بۆ باکووری رۆژئاوای سووریا وەکو ئیدلب، هەروەها هەوڵدەدرێت جۆر لە بەرپرسیاریەتی بدۆزنەوە بۆ ئەو کەسانەی کە تاوانی جەنگیان ئەنجامداوە، بەتایبەتی کاربەدەستانی سووریا کە بدرێت بە دادگا، هیوادارم ئاشتی هەبێت، بەڵام ئەمەریکییەکان ناتوانن ئاشتی بۆ سووریا بێنن، کاتێک قسە لەسەر ئاگربەست دەکرێت، گرنگترین شت بۆ ئەمەریکییەکان ئەوەیە پێویستە ئاگربەست لە باکووری رۆژئاوا و باکووری رۆژهەڵاتی سووریا هەبێت، ئەمەریکییەکان پاڵشتی ئەم سیاسەتە دەکەن، هەندێک وڵاتی دیکە وەک تورکیا، رووسیا و حکومەتی سووریا، رۆڵی کاریگەریان دەبێت".
راشیگەیاند: "لەو بڕوایەدا نیم، ئیدارەی بایدن هیچ پلانێکی هەبێت بۆ فشارخستنە سەر ئێران تا هێزەکانی لە سووریا بکێشێتەوە، ئەوە بیرۆکە بوو لەسەردەمی ئیدارەی ترەمپ، بەڵام ئیدارەی بایدن واقعیانەتر بیر دەکەنەوە، ئێرانییەکان بە هیچ جۆرێک ئامادەنین لە سووریا بکشێنەوە، ئەم لێکدانەوەیە لەلایەن ئیدارەی بایدن روونە، راستە ئەمەریکا پشتیوانی لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل دەکات بۆ سەر هێزەکانی ئێران لەناو سووریا، بەڵام ئەمەریکا پێی وانییە ئێران لە سووریا دەکشێتەوە، بە دڵنیاییەوە شەڕکردن لە سووریا کاریگەری دەبێت لەسەر گفتوگۆکانی جنێف".
دەربارەی رۆڵی ئێران لە عێراق، رۆبەرت فۆرد گوتی: "ئەمەریکییەکان باش لەوە تێگەیشتوون، ئێران رۆڵی کاریگەری دەبێت لە عێراق و سووریا، ئەمەریکییەکان دەیانەوێت بوونی ئێران لە سووریا نەبێتە هەڕەشە بۆ وڵاتانی دراوسێ، ئەمەریکییەکان تێگەیشتوون پەیوەندی ئێران و عێراق بەردەوام دەبێت و ئێران کاریگەریشی دەبێ، بەڵام ئەمەریکا دەیەوێت ئەو کەسانەی دەسەڵاتدارن و بڕیار لەسەر عێراق دەدەن، عێراقی بدەن نەک ئێرانییەکان".
سەبارەت بە کشانەوەی ئەمەریکا لە ئەفغانستان باسی لەوەکرد: "ئەمەریکا لە ئەفغانستان هەرگیز نەیدەتوانی سەرکەوتووبێت، چونکە ستراتیژیەتی ئەمەریکا پشت بە هێزێکی کاریگەری دەبەستێ، بەڵام ئەفغانییەکان هەرگیز بەهێز نەبوون، گەندەڵییەکی زۆر و کۆمەڵێک کێشەی دیکە لە ئەفغانستان هەبوو".
رۆبەرت فۆرد، سەبارەت بە کاریگەرییەکانی ئەمەریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوەی خستەڕوو: "ئەمەریکا پێش رووخانی سەددام حوسێن، هێزێکی کاریگەر نەبوو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام ئیستا ئەمەریکییەکان زیاتر کاردەکەن و بەردەوام دەبن لەگەڵ هاوپەیمانەکانیان لەناویشیاندا حکومەتی هەرێمی کوردستان، هیوادارم هاوکاری ئەمەریکا بۆ هاوبەشەکانی ببێتە هۆی سەقامگیری، بێ ئەوەی ئەمەریکا هێزێکی زۆری سەربازیی بێنێتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست".
راشیگەیاند: "ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە هاوکاریکردنی پێشمەرگە، ئێمە مێژووێکی دوور و درێژمان لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە هەیە، کاتێک ساڵی 2003 هاتمە عێراق، لەوکاتەوە هاوکاری پێشمەرگە دەکەین، هاوکارییەکانیش بەردەوام دەبن، ئەمەریکا دەیەوێت لە بابەتی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر رۆڵی زیاتر بخاتە ئەستۆی هێزەکانی عێراق، لەو نێوەندەشدا دەیەوێت رۆڵی زیاتر بدات بە هێزی پێشمەرگە لە هەرێمی کوردستان".
سەبارەت بە رێککەوتنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال، رۆبەرت فۆرد ئەوەی خستەڕوو: "کۆمەڵێک لایەنی جیاواز لە عێراق هەن و هێزیان هەیە، بۆ نموونە لە شنگال پەکەکە و هێزەکانی عێراقی و هێزی ئێزدییەکان هەن، ئەمەریکا ئەم پرسانە جێدەهێڵێت بۆ عێراقییەکان خۆیان، بۆ ئەوەی لەنێوان خۆیان رێککەوتنی لەسەر بکەن، ئەمەریکا دەیەوێت هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لەسەر پرسی شنگال رێکبکەون. مامەڵەکردنی ئێستای ئەمەریکا لەگەڵ 15 ساڵ پێش ئێستا جیاوازە لەبارەی دەستوەردان".