تاڵیبان: لێشاوی کۆچکردنی به لێشاوی ئهفغانییهكان بهڕێوهیه
"حکومەتەکەی تاڵیبان توانیویەتی سهقامگیری سیاسی و ئاسایش بۆ ئەفغانستان بگەڕێنێتەوە"

K24 - هەولێر:
وەزیری دەرەوەی حکومەتەکەی تاڵیبان نامەیەکی ئاڕاستهی کۆنگرێسی ئەمەریکا کرد و تیایدا هۆشداریدا كه ئەگەر ئەمەریکا ئەو 9 ملیار دۆلارەی بانکی ناوەندی ئەفغانستان رادهست نهكاتهوه و کۆتایی بە سزا ئابوورییەکانی سەر وڵاتەکە نەهێنێت، ئەوا لێشاوی کۆچکردن لە ئەفغانستانەوە بهرهو ئهوروپا بەڕێوەیە.
ئەمیر خان موتەقی وەزیری دەرەوەی حكومهتهكهی تاڵیبان له نامهكهدا رایگهیاند، سزاکان نەک تەنیا بوونەتە هۆی تێکدانی رهوشی ئابووری، بەڵکو یارمەتییە مرۆییەکانیشی تێکداوە کە ملیۆنان هاووڵاتی ئەفغانی پشتی پێدەبەستن.
موتەقی جەختیكردهوه، حکومەتەکەی تاڵیبان توانیویەتی سهقامگیری سیاسی و ئاسایش بۆ ئەفغانستان بگەڕێنێتەوە.
ئاماژهیپێكرد، لە ئێستادا گەورەترین کێشەی خەڵكی ئهفغانستان دۆخی داراییە و ڕەگ و ڕیشەی ئەم کێشەیە دەگەڕێتەوە بۆ سڕکردنی پارەی ئهفغانییهكان لەلایەن حکومەتی ئەمەریکاوە.
موتەقی گوتی: ئێمە نیگەرانین لەسەر ئەوەی ئەگەر ئەم بارودۆخە بەردەوام بێت، حکومەتی ئەفغانستان و خەڵکەکەی ڕووبەڕووی کێشە دەبنەوە و لێشاوی کۆچکردن لە ناوچەکە و جیهانیشدا بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
ئەمەریکا و ئەوروپا زیاتر لە 9 ملیار دۆلاری بانکی ناوەندی ئەفغانستانیان لە دەرەوە سڕکردووە، ئەمەش دوای ئەوەی لە ناوەڕاستی مانگی هەشتدا تاڵیبان کۆنتڕۆڵی ئەفغانستانی کردووه.
بانکی جیهانی و سندوقی دراوی نێودەوڵەتیش پێدانی نزیکەی 1.2 ملیار دۆلارییان ڕاگرت کە وابڕیاربوو ئهمساڵدا بیدەن بە حكومهتهكهی تاڵیبان.
سهرچاوه: VOA