عێراق هەوڵدەدات سوود لە ئەزموونی کارەبای هەرێمی کوردستان وەرگرێت

وەزیری کارەبای عێراق لە هەولێرە

کارمەندێکی وەزارەتی کارەبا لەکاتی کارکردن - ئەرشیف
کارمەندێکی وەزارەتی کارەبا لەکاتی کارکردن - ئەرشیف

K24 - هەولێر

وەزیری کارەبای عێڕاق، عادل کەریم لە هەولێرە و لە سەردانێکدا بۆ وەزارەتی کارەبا، رۆڵی وەزارەتی کارەبای هەرێمی لەبواری بەرهەمهێنان و سوود وەرگرتن لە گازی بەفیڕۆچوو بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا و ئەنجامدانی پڕۆژەکانی گواستنەوەی کارەبا گرنگ نرخاند و هەوڵدەدەن سوود لە ئەزموونی کارەبای هەرێمی کوردستان وەرگرن.

وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە "عێراق بۆ سوود وەرگرتن لە ئەزموونی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە پڕۆژەی پێوەری زیرەک، رۆڵی کەرتی تایبەت لە بواری کارەبا، بەکارهێنانی گازی بەفیڕۆچوو کێڵگە نەوتییەکان بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا و بەهێزکردنی تۆڕی کارەبای نێوان هەرێم و عێراق شاندێکی ناردووەتە هەرێمی کوردستان".

روونکراوەتەوە "لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ، کەمال محەمەد ساڵح وەزیری کارەبا لەگەڵ شاندی وەزارەتی کارەبای عێراق، پۆختەیەکی سەبارەت بە کەرتی کارەبای هەرێم خستەڕوو، ئامادەیی هەرێمیشی بۆ هاوکاریکردنی عێراق بۆ سوود وەرگرتن لە ئەزموون و تواناکانی پیشاندا بۆ ئەوەی هاووڵاتییانی کوردستان و عێراق سوودمەند بن".

کۆبوونەوەی وەزیری کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری کارەبای عیراق - هەولێر 18/11/2021
کۆبوونەوەی وەزیری کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری کارەبای عیراق - هەولێر 18/11/2021

 

ئاماژە بەوەشکراوە "لە کۆبوونەوەکەدا باسیشیان لە پڕۆژەی هێڵی گواستنەوەی کارەبای 400 کەی ڤی لە تورکیاوە بۆ کوردستان و عێراق کرد کە لە قۆناغی تەواوبوون دایە. وەزیری کارەبای عێراق بۆ سەردانکردنی بەغدا بانگهێشتی وەزیری کارەبای هەرێمی کرد و بۆ دابینکردنی کارەباش بۆ ناوچەکانی مادەی 140 سوپاسی کرد".

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، باس لە دامەزراندنی وێستگەی کارەبای شێخان کراوە، کە بودجەکەی لەلایەن عێراقەوە دیاریکراوە، بەڵام تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە. بڕیاریاندا کەشفی بۆ بکرێت و دواتر دەست بە جێبەجێکردنی بکرێت. هەروەها باس لە قەزای بەردەڕەش و چەندین قەزا و ناوچەی دیکەی هاوشێوە کرا.

هەر لەو دیدارەدا بڕیار دراوە، وەزارەتی کارەبای هەرێم بەشداری لە خول و کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکان بکات.

کۆبوونەوەی وەزیری کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری کارەبای عیراق و شاندی یاوەری - هەولێر 18/11/2021
کۆبوونەوەی وەزیری کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری کارەبای عیراق و شاندی یاوەری - هەولێر 18/11/2021

 

Fly Erbil Advertisment