په‌رله‌مانی كوردستان: لیژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردستانی سه‌ردانی ئه‌وروپا ده‌كات
"نوێنەری فراکسیۆنەکان، پێشوازییان لەو ھەوڵانە کرد کە لە لایەن لیژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردستانی دەدرێت"
K24 - هه‌ولێر:
راگه‌یاندنی په‌رله‌مانی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، لیژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردستانی لەبارەی ڕەوشی کۆچبەران لەگەڵ نوێنەری فراکسیونەکانی پەرلەمان کۆبووەوە، بڕیاره شاندێكیان سه‌ردانی ژماره‌یه‌ك وڵاتی ئه‌وروپی بكه‌ن.
په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند، بەمەبەستی بەدواداچوون و چارەسەرکرنی کێشە و گرفتەکانی کۆچبەرانی ھەرێمی کوردستان و تاووتوێکردنی ئەو پرسە لەگەڵ نوێنەری فراکسیۆنەکانی پەرلەمان، لیژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردستانی، بەسەرپەرشتیی د. ڕێبوار بابکەیی، سەرۆکی لیژنە و ئامادەبوونی جێگری سەرۆکى لیژنە و ژماره‌یه‌ك له ئەندامانی لیژنەكه، لەگەڵ نوێنەری فراکسیونەکانی پەرلەمانی کوردستان کۆبووەوە.
په‌رله‌مانی كوردستان راشیگه‌یاند، لە كۆبوونه‌وه‌كه‌ی لیژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردستانی کە لە ھوڵی پەناگیری لە ته‌لارى پەرلەمان بەڕێوەچوو، سەرۆکی لیژنە باسى لە ڕەوشی کۆچبەرانی کورد لە سنووری وڵاتانی بێلاڕووس و پۆڵەندا کرد، کە ژیان و گوزەرانیان لە دۆخێکی زۆر خراپدایه، لەو بارەیه‌وە سەرۆکی لیژنە، تیشکی خستەسەر بەرنامەی سەردانەکەیان بۆ ئەو وڵاتانە، کە بریارە بەمزووانە ئەنجام بدرێت، بۆئەوەی ھەرچی زووە چارەسەرێكی گونجاو بۆ کێشە و گرفتەکانی کۆچبەران بدۆزرێته‌وه.
راگه‌یاندنی په‌رله‌مان جه‌ختیكرده‌وه، نوێنەری فراکسیۆنەکان، پێشوازییان لەو ھەوڵانە کرد کە لەلایەن لیژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردستانی دەدرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی کۆچبەران و ستایشی ھەوڵ و ماندووبوونەکانی لیژنەكه.
ئاماژه‌یپێكرد، لە کۆبوونەوەکه‌دا بڕیار درا دوای گەڕانەوەی شانده‌كه له سه‌ردانه‌كه‌یان، سەردانی وەزیری دەرەوه و وه‌زیرى کۆچ و کۆچبەرانی حکوومەتی عێراق بکرێت و بە ئامادەبوونی شاندی حکوومەتى هه‌رێم دانیشتنێكی تایبه‌تی پەرلەمان لەسەر ئه‌و پرسه و ده‌رئه‌نجامى سه‌ردانه‌كه ئه‌نجام بدرێت.