سەدر هەندێک لایەن بە هەوڵی گۆڕینی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن تۆمەتبار دەکات
سەرکۆنەی هەموو فشارە سیاسیی و ئەمنییەکان دەکات
K24 - هەولێر
رێبەری رەوتی سەدر، هەندێک لایەن بە هەوڵدان بۆ گۆڕینی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن تۆمەتبار دەکات و سەرکۆنەی هەموو فشارە سیاسیی و ئەمنییەکان دەکات.
لە تویتێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر، دەستێوەردانی لە کاروبارى کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان رەتکردەوە و سەرکۆنەی هەموو ئەو گوشارە سیاسی و ئەمنییانەشی کرد، کە دەخرێنە سەر کۆمسیۆن.
هەروەها سەدر، داوای کردووە دەستێوەردان لە کاروباری دادوەری و دادگا، بۆ پەسندکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن نەکرێت، لە کاتێکدا هەندێک لایەن دەیانەوێت خۆیان بگەیەننە ئاستى گەورترین لیست، بۆ پەکخستنى حکومەتى زۆرینە.
لە هەڵبژاردنی 10ی ئۆکتۆبەری رابردوو، رەوتی سەدر، 73 کورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا و دەیەوێت حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی پێکبێنێت.