قایمقامی نوێی کۆیە دیارکرا
ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر متمانەی بە قایمقامی نوێی کۆیە دا

K24 – هەولێر
لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر بە زۆرینەی دەنگ متمانە بە قایمقامی نوێی کۆیە درا.
هێرۆ مەولودی، پەیامنێری کوردستان24 لە هەولێر رایگەیاند: "لە یەکەم بڕگەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، تاریق جەلال ناسراو بە (تارق حەیدەری) وەک قایمقامی نوێی کۆیە متمانەی پێدرا".
روونیکردەوە: "لە 28 ئەندامی ئامادەبووی کۆبوونەوەکە 24 ئەندام دەنگیان بۆ متمانەدا بە قایمقامی نوێی کۆیە دا، کە پێشتریش بە وەکالەت قایمقامی قەزاکە بووە".
تاریق جەلال، لە لێدوانێکی تایبەت بە کوردستان24ی راگەیاند: "قەزای کۆیە پێویستی خزمەتی زیاترە، ئێمەش وەک ستافی حکومەت لە قەزاکە ئەوەی لە تواناماندا بێت هەوڵدەدەین خزمەتی کۆیە و خەڵکەکەی بکەین. بەڵێن بە دانیشتوانی قەزای کۆیە دەدەم، کە جێبەجێکاری یاسا و رێنماییەکان بم".