سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سوید ده‌كات
"سوید پشتیوانی عێراق دەبێت، لەپێناو پاراستنی سنورەكانی و پەڕەپێدانی پەیوەندییەكانی لەگەڵ یەكێتی ئەوروپا"
K24 – هه‌ولێر:
ئێوارەى ئەمڕۆ دووشەممە 2021/11/22 نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازى لە خاتوو ئان لیندى، وەزیرى دەرەوەى سوید و شاندێکى یاوەرى کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا دۆخى عێراق و هەڵبژاردنەکانى ئەنجومەنى نوێنەران و ئەنجامەکانى، پەیوەندییەکانى سوید لەگەڵ عێراق و هەرێمى کوردستان، دەرفەتى وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاریى سویدى لە هەرێمى کوردستان، رەوشى ئاوارە و پەنابەران، دۆخى کەمپى هۆڵ لە سووریا، هەڕەشەکانى داعش، بوارەکانى دیموکراسى، مافى مرۆڤ، ئازادییەکان، یەکسانیى جێندەرى، سیستمى دادوەرى لە عێراق و هەرێمى کوردستان و هەڕەشەکانى گۆڕ‌انى کەشوهەوا بەتایبەتى لەسەر عێراق، تاوتوێ کران.
هەردوولا جەختیان لە گرنگیى سەقامگیریى سیاسى لە عێراق و گەیشتنى لایەنە سیاسییەکان بە لێکگەیشتنێك بۆ داهاتووى پرۆسەى سیاسى لە وڵات و یەکلاکردنەوەى هەر تێبینى و کێشەیەك لەسەر ئەنجامەکانى دەنگدان لە عێراق کردەوە، کە لە ئەنجامدا حکومەتێکى لێ بکەوێتەوە، داوا و خواستەکانى هاووڵاتییانى عێراق لە ژیان و گوزه‌رانێکى باشتر و خزمەتگوزارییەکان، رەچاو بکات.
لە بەشێکى دیکەى کۆبوونەکەدا بیروڕا دەربارەى گرنگیى بەردەوامیى هەوڵەکان بۆ باشترکردنى دۆخى ئافرەتان لە عێراق و هەرێمى کوردستان و بەشدارى و هاوبەشیى کاراتر و زیاتریان لە پرۆسەى سیاسى و بەڕێوەبردنى وڵات‌دا، ئاڵوگۆڕ کران و جەخت لە پاراستنى دیموکراسى و ئازادییەکان و مافى مرۆڤ و یەکسانى و باشترکردنى سیستمى دادوەرى و دادگاکان کرایەوە.
پەیوەندییەکانى هەولێر ـ بەغدا، پەیوەندیییەکانى هەرێمى کوردستان و وڵاتانى دراوسێ، هەوڵەکان بۆ دادگاییکردنى تیرۆرستانى داعش، دۆخى ناوچەکە بەگشتى و چەند پرسێکى دیکەى جێى بایەخى هاوبەش، تەوەرێکى دیکەى کۆبوونەوەکە بوو.
ئه‌مڕۆ ئان لیندی له به‌غدا بوو، له‌گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق، فوئاد حوسێن به رۆژنامه‌نووسانی راگه‌یاند، "حكومەتی سوید ھانی حكومەتی عێراق دەدات بۆ ئەنجامدانی چاكسازی، لە بواری ئابووری و سەرجەم لایەنەكانی دیكە بۆ سەقامگیری عێراق. ھەروەھا پابەندین بە پشتیوانیكردنی عێراق لە رووبەڕووبوونەوەی داعش و تیرۆر بەگشتی".
گوتیشی: "سوید پشتیوانی عێراق دەبێت، لەپێناو پاراستنی سنورەكانی و پەڕەپێدانی پەیوەندییەكانی لەگەڵ یەكێتی ئەوروپا".
دوای سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ به‌غدا، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سوید گه‌یشته هه‌ولێری پایته‌خت و له لایه‌ن سه‌فین دزه‌یی، به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی لێكرا.
پرۆفایلی ئان لیندی:
ئان كریستین لیندی (1961)، كه‌سایه‌تییه‌كی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی سویده. له (10ی ئهیلوول/ سێپتێمبه‌ری 2019) پۆستی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی پێ دراوه. پێشتر وه‌زیری بازرگانی ده‌ره‌كی و وه‌زیری هاوكاری ئه‌سكه‌نده‌ناڤی بووه. هه‌روه‌ها وه‌زیری كاروباری یه‌كێتی ئه‌وروپا و بازرگانی بووه له 2016دا.
به درێژایی ده‌یه‌ی نه‌وه‌ده‌كان، لیندی له نووسینگه حكومییه‌كان كاری كردووه. راوێژكاری كاروباری مه‌ده‌نی بووه له وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی سوید، هه‌روه‌ها راوێژكاری سیاسیی یه‌كێتی ئه‌وروپا و وه‌زیری ده‌وڵه‌تیش بووه بۆ كاروباری ناوخۆ.
لیندی، له نێوان 2013 – 2014 سه‌رۆكی بازنه‌ی نێوده‌وڵه‌تی حزبی سۆسیالیستی ئه‌وروپایی بووه له برۆكسل، كه دامه‌زراوه‌یه‌كی كۆكه‌ره‌وه‌ی سه‌رجه‌م حزبه سۆسیال دیموكراته‌كانه له یه‌كێتی ئه‌وروپا. پێشتریش له نێوان ساڵانی 2000 تا 2013 سكرتێری حزبی سۆسیال دیموكرات بووه له سوید.