مه‌سرور بارزانی له‌ باره‌ی كۆچبه‌رانه‌وه‌ داوایه‌ك ئاراسته‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپا ده‌كات

سەرۆکی حکومەت، ئامادەیی هەرێمی کوردستانی دەربڕی بۆ پێشوازیکردن لە تیمێکی تەکنیکی کە لە بروکسلەوە سەردانی هەولێر و بەغدا بکات بۆ گرتنەبەری ڕێکاری پێویست

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان - مارگریتس شیناس جێگری سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان - مارگریتس شیناس جێگری سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا

K24 – هه‌ولێر:

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە جێگری سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا پێگەیشت و له‌و میانه‌یه‌دا داوای له‌ وڵاتانی یه‌كێتی ئه‌وروپا كرد، فریاگوزاری و هاوکاری پێویست بگەیەننە کۆچبەران.

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 23ی نۆڤێمبەر، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە مارگریتس شیناس جێگری سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا پێگەیشت. لە پەیوەندییەکەدا ، دۆخی کۆچبەرانی سەرسنووری بێلارووس و پۆڵەندا تاووتوێ کرا.

سەرۆکی حکومەت داوای کرد، وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا، فریاگوزاری و هاوکاری پێویست بگەیەننە کۆچبەران . هەردوولا هاوڕابوون لە سەر ئەوەی، بازرگانانی مرۆڤ و تۆڕی نێودەوڵەتی قاچاخچییەکان، کۆچبەران بۆ مەبەستی سیاسی بەکاردەهێنن .

 سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بە گەڕانەوەی زیاتر لە 400 کۆچبەردا، کە بە شێوەیەکی ئارەزوومەندانە گەڕاونەتەوە هەرێمی کوردستان و عێراق، بڕیارە بەم نزیکانەش، چەندین کۆچبەری دیکە بگەڕێنەوە.

سەرۆکی حکومەت جەختی لە گرنگیی هەبوونی ستراتیجییەکی درێژخایەن لە نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان و یەکێتی ئەوروپا کردەوە، بۆ سنووردانان بۆ کۆچکردنی نایاسایی، هەروەها داواشی لە جێگری سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا کرد، لە ڕێگەی پەرەپێدانی ئالوگۆڕی بازرگانی و وەبەرهێنانی ئەوروپا و هاوکاری دارایی و تەکنیکی، پشتیوانی لە کارنامەی چاکسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەن و ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی دەرفەتی کار بۆ خەڵکی کوردستان ، سەرۆکی حکومەت، هەروەها دووپاتی کردەوە کە پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوکاری زیاتر پێشکەشی ئەو ئاوارە و پەنابەرانە بکات کە لە هەرێمی کوردستانن.

لە پەیوەندییەکەدا ، هەروەها باس لەو ڕێکارانەش کرا کە لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدرالییەوە گیراونەتەبەر سەبارەت بە ڕێگەگرتن لە کۆچکردنی نایاسایی.

سەرۆکی حکومەت، ئامادەیی هەرێمی کوردستانی دەربڕی بۆ پێشوازیکردن لە تیمێکی تەکنیکی کە لە بروکسلەوە سەردانی هەولێر و بەغدا بکات بۆ گرتنەبەری ڕێکاری پێویست.

هەردوولا هاوڕابوون لە سەر بەردەوامبوونی پەیوەندیی و هەماهەنگیی، بۆ ئەو بابەتانەی جێی بایەخی هەردوولان.