سەرۆک بارزانی پێشوازی لە کونسوڵی گشتیی ئوردن لە هەولێر دەکات
بارودۆخی سیاسیی عێراق و تەحەددیاتی بەردەم پڕۆسەی سیاسیی عێراق تەوەرێکی تری ئەو کۆبوونەوەیە بوو
K24 - هەولێر:
ڕۆژی شەممە 27ی تشرینی دووەمی 2021 لە سەڵا حەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە فواد ئەلمەجالی کونسوڵی گشتیی ئوردن لە هەولێر و شاندێکی یاوەری کرد.
لە دیدارەکەدا کونسوڵی گشتیی ئوردن لە هەولێر پێزانینی بۆ ڕۆڵی سەرۆک بارزانی لە خەباتی گەلی کوردستان بۆ گەیشتن بە ئازادی و بەدیهێنانی سەقامگیری و بوژانەوەی هەرێمی کوردستان هەبوو. هەروەها قوربانیدانی هێزی پێشمەرگەی لە شەڕی تیرۆرستانی داعش بەرز نرخاند و سوپاسی هەرێمی کوردستانی کرد کە بە سینگفراوانی میوانداریی سەدان هەزار ئاوارەی کردووە.
هەر لەو کۆبوونەوەیە وێڕای ئاماژەدان بە دۆستایەتی و پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان گەلی کوردستان و شانشینی ئوردن و دۆستایەتیی دێرینی سەرکردایەتی هەردوولا، جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە بوارە جیاجیاکان کرایەوە.
بارودۆخی سیاسیی عێراق و تەحەددیاتی بەردەم پڕۆسەی سیاسیی عێراق تەوەرێکی تری ئەو کۆبوونەوەیە بوو.