وه‌زیری خوێندنی باڵا: كابینه‌ی نۆیه‌م به‌رپرس نییه له خوێندنی پارالێل
ئه‌و بڕیاره له سه‌رده‌می كابینه‌كانی پێشوو دراوه.. هیوادارین تا ساڵی داهاتوو هیچ شتێك نه‌مێنێت به ناوی خوێندنی پارالێل

K24- هه‌ولێر:
له‌وه‌ڵامی پرسیارێكی قوتابیانی زانكۆ له‌باره‌ی سیسته‌می خوێندنی پارالێل له هه‌رێمی كوردستان، كه ئه‌مڕۆ له‌كاتی كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت له‌گه‌ڵ قوتابیان ئاراسته‌ی وه‌زیری خوێندنی باڵا كرا، دكتۆر ئارام محه‌مه‌د قادر، وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستیی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، من دژی خوێندنی بهپارهم و له ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانیش ئه‌و قسه‌یه‌م كردووه.
هه‌روه‌ها گوتی: ساڵی یه‌كه‌می ده‌ستبه‌كاربوونی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌ت، له‌سه‌ر بنه‌مای كارنامه‌ی حكومه‌ت رێژه‌ی 45%ی پاره‌ی خوێندنی پارالێلمان داشكاند و هیوادارم تا ساڵی ئاینده هیچ شتێك به‌ناوی خوێندنی پارالێل نه‌مێنێت، كه ئه‌مه بووه‌ته جۆرێك له نادادپه‌روه‌ری.
دووپاتیشیكرده‌وه، له‌راستیدا ئه‌م كابینه‌یه‌ی حكومه‌ت له داهێنانی خوێندنی پارالێل به‌رپرس نییه، هه‌وره‌ك نه‌مانی ده‌رماڵه‌ی قوتابیان، كابینه‌كانی پێشووی حكومه‌ت ئه‌و هه‌نگاوه‌یان ناوه، ئێمه هاتووین چاكسازی و ریفۆرممان تێدا كردووه.
گوتیشی: سه‌باره‌ت به سیستمه جیاوازه‌كانی ناو زانكۆكان، ئه‌و سیستمانه هه‌ریه‌كه و تایبه‌تمه‌نی خۆی هه‌یه، به‌ڵام هه‌ندێك گرفت له به‌شێك له زانكۆكان هه‌یه و هه‌وڵ ده‌ده‌ین له ئاینده‌دا چاره‌سه‌ریان بكه‌ین.
H.B