مەسرور بارزانی: وەزارەتی پێشمەرگەمان راسپاردووە ئامادەکاری زیاتر بکەن

"سوودیان لەو بۆشاییە ئه‌منییه‌ی لەو ناوچانە هەیە وه‌رگرتووه"

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان - فۆتۆ: سابیر دری
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان - فۆتۆ: سابیر دری

K24 – هەولێر

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی پەلاماری چەکدارانی داعش و بۆشایی ئەمنی لەناوچە کوردستانییەکان رایگەیاند: وەزارەتی پێشمەرگەمان راسپاردووە کە ئامادەکاری زیاتر بکەن.

دوای ئەوەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ 28/11/2021، لە هێرشێکی داعش دا لە کوڵەجۆی سنووری گەرمیان پێنج پێشمەرگە شەهیدبوون و چوار پێشمەرگەی دیکەش برینداربوون. مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "وەزارەتی پێشمەرگەمان راسپاردووە کە ئامادەکاری زیاتر بکەن و رێکاری پێویست بگرنەبەر بۆ سنووردارکردن و نەهێشتنی هەڕەشەکانی تیرۆریستانی داعش و ڕێگریکردن لە زیانگەیاندن بە هێزەکانی پیشمەرگە و خەڵکی ناوچەکە".

پێشتر چەند ناوەندێک هاوبەش لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری عێراق دروستکراون، بۆ ئەوەی هەماهەنگی هەبێت لە پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، کە دوای 16ی ئۆکتۆبەر داعش توانیویەتی سوود لەو بۆشاییە ئەمنییە وەربگرێت، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش جەخت لەوە دەکاتەوە هەرچی زووە رێککەوتن بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

لە بەشێکی پەیامی ئەمڕۆی سەرۆکی حکومەتی هەرێم هاتووە: "چەندین جار هۆشداریمان داوە لەبارەی مه‌ترسییه‌كانی تیرۆریستانی داعش و خۆڕێكخستنەوەیان بە تایبەتی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدرارەی هەرێم، كه‌ سوودیان لەو بۆشاییە ئه‌منییه‌ی لەو ناوچانە هەیە وه‌رگرتووه‌ و بوونەتە مەترسییه‌كی جدی بۆ سەر ئاسایش و دانیشتووانی ناوچه‌كه‌، بۆیه‌ش پێویسته‌ په‌له‌ بكرێت له‌ كاراتركردنی سەنتەرەکانی ئەمنیی هاوبەش لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق، به‌ هه‌ماهه‌نگی هێزەكانی هاوپەیمانیی نێوەدەوڵەتی دژ بە داعش، بۆ ئەوەی بۆشایی ئەمنیی‌ لەو ناوچانە پڕ بکرێتەوه‌".