سەرۆکی وڵاتێک بەهۆی ڤاکسینی کۆرۆناوە رووبەڕووی کێشە دەبێتەوە
فەیسبوک و ئینستاگرام ڤیدیۆکەیان سڕیوەتەوە

K24 - هەولێر
سەرۆکی بەرازیل، دوای ئەوەی لە پەخشی راستەوخۆدا لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، لێدوانێکی لە دژی ڤاکسینی کۆرۆنا دا، تووشی کێشەی یاسایی دەبێتەوە.
بەپێی هەواڵێكی ماڵپەڕی سکای نیوز، دادوەری دادگای باڵای بەرازیل ئەلێکساندەر دی مۆرەیس رێنمایی داوە بە سەرۆکی داواکاری گشتی وڵات، ئۆگۆستۆ ئاراس، کە لێکۆڵینەوە لە بارەی ئەو تۆمەتانەوە بکات کە سەرۆکی بەرازیل بانگەشەیان بۆ دەکات.
جایر بۆلسۆنار، سەرۆکی بەرازیل لە پەخشی راستەوخۆدا لە 24ی تشرینی یەکەم گوتی: "راپۆرتی فەرمی لە حکومەتی بەریتانیاوە باس لەوە دەکات، کە ئەو کەسانەی تەواوی ژەمەکانی ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتووە، خێراتر لەوەی پێشبینی کراوە تووشی ئایدز دەبن".
هەردوو تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک و ئینستاگرام ڤیدیۆی لێدوانەکەیان سڕیەوە بەهۆی پێشێلکردنی یاساکانیان، هەروەک لە رابردوودا جەختیان لەوە کردۆتەوە هەر کەس و لایەنێک زانیاری هەڵە دژبە کۆرۆنا و ڤاکسینی کۆرۆنا بڵاوبکاتەوە، سزا دەدرێت و بڵاوکراوەکەی دەسڕدرێتەوە.
بۆلسۆنارۆ، کە تا ئێستا ڤاکسینی کۆرۆنای بەکارنەهێناوە و بەردەوام دژی رێکارەکانی ڤاکسینەکە وەستاوەتەوە، باسی لەوە کرد کە ئەو تەنها ئاماژەی بە قسەی گۆڤارێک داوە."
ئەمانە لە کاتێکدایە کە تا ئێستا 610 هەزار کەس لە بەرازیل بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەست داوە.
