پێشمه‌رگه و سوپای عێراق هه‌وڵه‌كانیان بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعش یه‌كده‌خه‌ن
پێشمه‌رگه و سوپای عێراق جه‌خت له‌سه‌ر ستراتیژیه‌تێكی نوێ بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعش ده‌كه‌نه‌وه
K24- هه‌ولێر:
شانه‌ی راگه‌یاندنی ئه‌منیی عێراقی رایگه‌یاند، بۆ تاوتوێكردنی هه‌ڵه‌كان و یه‌كخستنی هه‌ڵوێسته‌كان بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعشی تیرۆرست، كۆبوونه‌وه‌یه‌كی سه‌ربازی و ئه‌منی له‌سه‌ر ئاستێكی باڵا له‌نێوان فه‌رمانده‌كانی ئۆپه‌راسیۆنه هاوبه‌شه‌كان و وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه‌چوو.
له راگه‌یه‌ندراوێكدا شانه‌ی راگه‌یاندنی ئه‌منی گوتی: عه‌بدولئه‌میر شه‌مه‌ڕی، جێگری فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه هاوبه‌شه‌كان پێشوازی له شاندێكی باڵای ئه‌منیی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه به سه‌رۆكایه‌تی فه‌ریق جه‌بار یاوه‌ر، ئه‌مینداری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و فه‌رمانده‌كانی میحوه‌ری یه‌ك، دوو، سێ و چواری هێزه‌كانی پێشمه‌رگه كرد.
ئاشكراشیكرد، له كۆبوونه‌وه‌كه‌یاندا هه‌ریه‌ك له یاریده‌ده‌ری سوپاسالاری ئۆپه‌راسیۆنه‌كان، فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی پیاده، به‌ڕێوه‌به‌ری هه‌واڵگریی سه‌ربازی و فه‌رمانده‌كانی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی دیاله و كه‌ركووك و فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژ به داعش له عێراق ئاماده بوون.
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی شانه‌ی راگه‌یاندنی ئه‌منی، له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جه‌خت له‌سه‌ر یه‌كخستنی هه‌وڵه ئه‌منی و سه‌ربازییه‌كان كرایه‌وه بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعشی تیرۆرست و به‌هێزكردنی ستراتیژیه‌تی هاوكاری و لێكتێگه‌یشتنی ئه‌منی و سه‌ربازی له ناوچه‌كانی هه‌ماهه‌نگی ئه‌منیی له نێوان هێزه عێراقییه‌كان و هێزه‌كانی هه‌رێمی كوردستان "مه‌به‌ستی ناوچه كوردستانییه‌كانه".
وه‌ك راشگه‌یه‌ندراوه، له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا پێداگیری له كاری هاوبه‌ش بۆ پاراستنی خاكی نیشتمان له سه‌رجه‌م پارێزگاكان به هه‌وڵێكی یه‌كگرتووی نیشتمانی كرایه‌وه، له‌سه‌ر به‌هێزكردنی ئاڵوگۆڕی زانیاری هه‌واڵگری و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی هاوكاری له‌و چوارچێوه‌یه‌دا له‌نێوان هێزه عێراقییه‌كان و هێزه‌كانی هه‌رێم بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كرده‌وه‌ی تیرۆرستان و رێگری كردن له‌و كرده‌وانه، گه‌یشتنه رێككه‌وتن.
هه‌روه‌ك له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆ له‌باره‌ی هاوكاریی نێوان هێزه دۆسته‌كان له‌چوارچێوه‌ی پاڵپشتی لۆجستی و یه‌كخستنی هه‌وڵه‌كانی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعش و رێككه‌وتن له‌سه‌ر به‌رده‌وامیدان به كۆبوونه‌وه‌ی دوولایه‌نه له نێوان فه‌رمانده ئه‌منی و سه‌ربازییه هاوبه‌شه‌كان كرا، بۆ ئه‌وه‌ی دیدگایه‌كی روون و هاوبه‌شیان بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر هه‌بێت.
ئه‌مه له‌كاتێكدایه، دوای هێرشه‌كه‌ی به‌ر له دوو رۆژی داعش بۆ سه‌ر گوندی خدرجیجه‌ی سه‌ر به قه‌زای مه‌خموور له بناری چیای قه‌ره‌چوخ، كه به‌هۆیه‌وه 3 هاووڵاتی و 10 پێشمه‌رگه شه‌هیدبوون و ژماره‌یه‌كی دیكه‌ش برینداربوون، مسته‌فا كازمی، فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه چه‌كداره‌كانی عێراق جه‌ختی له یه‌كخستنی ریزه سه‌ربازییه‌كان و هه‌ڵوێسته‌كان بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعش كرده‌وه، ئه‌ویش له میانه‌ی به‌هێزكردنی سیسته‌می هاوكاری ئه‌منی و سه‌ربازیی هاوبه‌ش.
H.B