داعش هەوڵدەدات بچێتە ناو گوندێکی کوردنشین

خەڵکی گوندەکە خۆیان بەرگری دەکەن و سوپای عێراق بە هانایانەوە نەچووە

گوندی لێهبا - ئەرشیف
گوندی لێهبا - ئەرشیف

K24 – کەرکووک:

چەکدارانی داعش دەوری گوندی لھێبان-ی سەر بە ناحیەی سەرگەڕانیان گرتووە و دەیانەوێت بچنە ناو گوندەکە.

سۆران کامەران، پەیامنێری کوردستان24 لە کەرکووک رایگەیاند: "داعش هێزێکی زۆری کۆکردووەتەوە و دەیەوێت بە هەر جۆرێک بێت ئەمشەو بچنە ئەو گوندە".

گوتیشی: "لە مانگی رابردووەوە تائێستا داعش چەندینجار هێرشی کردووەتە سەر گوندی لھێبان، هەوڵدەدات بچێتە ناو گوندەکە و وەک گوندەکانی دیکە خەڵک بکوژێت".

پەیامنێرمان، روونیشیکرد: "ئەو گوندە کەوتووەتە سنووری سوپای عێراق، بەڵام له‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ش نزیكه‌، گوندەکە بووەتە بۆشایی ئەمنی، تائێستا سوپای عێراق بە هانای خەڵکی گوندەکەوە نەچووە و خەڵکی گوندەکە خۆیان بەرگری دەکەن و ناهێڵن داعش بچێتە ناو گوندەکەیان".

هاووڵاتییەکی گوندەکە لە رێگەی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە بە پەیامنێری کوردستان24ی گوت: "شەڕ لە دەوروبەری گوندەکەمان بەردەوامە، چەکدارانی داعش هێرش دەکەن و ئێمە رێگریان لێدەکەین، بێن شکست بە هێرشەکانیان دێنین".

ئاماژەی بەوەشکرد: "تائێستا هەر خۆمان بەرگری دەکەین و سوپای عێراق بە هانامانەوە نەهاتووە".