وه‌زیری پێشمه‌رگه: داعش هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی جددییه

K24- هه‌ولێر:
شۆڕش ئیسماعیل، وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، به‌گوێره‌ی پێویست سه‌نگه‌ره‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له هێڵی ته‌مماس جارێكی دیكه رێكده‌خرێنه‌وه و گوتیشی: داعش هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی جددیه هه‌م بۆ سه‌ر ژیانی هاووڵاتییانی ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان و هه‌میش بۆ سه‌ر هێزه ئه‌منییه‌كان.
له لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ كوردستان24، له كاتی به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی سه‌نگه‌ره‌كانی پێشمه‌رگه له بناری چیای قه‌ره‌چوخ، وه‌زیری پێشمه‌رگه گوتی: وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه پێداچوونه‌وه بۆ سه‌نگه‌ره‌كان ده‌كات و به‌شێوه‌یه‌كی گونجاوتر و به‌گوێره‌ی پێویست دابه‌شبوونه‌وه بۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه له‌و سه‌نگه‌رانه ده‌كرێت.
هه‌وره‌ها گوتی: داعش هه‌میشه مه‌ترسییه بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، چونكه ئه‌و رێكخراوه هێزێكه له دژی مرۆڤایه‌تییه و باوه‌ڕی به هیچ بنه‌مایه‌كی ژیان و شارستانیه‌ت نییه و هێزێكی تاریكپه‌رسته و هه‌رچییه‌كی بكه‌وێته به‌رده‌ستی وێرانی ده‌كات، بۆیه هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی گه‌وره‌یه بۆ سه‌ر ژیانی هه‌موو ئه‌و خه‌ڵكه‌ی كوتوونه‌ته ئه‌و شوێنانه‌ی بۆشایی ئه‌منییان هه‌یه به كۆی پێكهاته جیاوازه‌كانه‌وه.
هه‌وره‌ها گوتی: زۆربه‌ی ئه‌و گوند و دێهاتانه‌ی ده‌كه‌ونه ناوچه كوردستانییه‌كان، به‌تایبه‌ت كه دۆخی ئه‌منی ئه‌و ناوچانه سه‌قامگیر نییه، چۆڵكراون، بۆیه هه‌ماهه‌نگی زیاتر له‌نێوان هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و سوپای عێراق به پشتیوانی هێزی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی پێویستییه‌كی حه‌تمییه.
گوتیشی: ئێستا داعش له‌ڕووی جوگرافییه‌وه شكستی هێناوه و هیچ رووبه‌رێكی له‌سه‌ر زه‌وی به‌ده‌سته‌وه نه‌ماوه و هه‌موویان له چه‌ند مه‌فره‌زه‌یه‌كی گه‌ڕۆك و شانه‌ی نووستوودا كۆبوونه‌ته‌وه، بۆیه له‌ناوبردنی داعش ته‌نیا له‌ڕێگه‌ی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌كانی پێشمه‌رگه و شه‌ڕی سه‌ربازییه‌وه ناكرێت، به‌ڵكو ده‌بێت هه‌موو سه‌رچاوه‌كانی پشتگیری لۆجستی و داراییه‌كانی داعش له‌ڕیشه‌وه وشك بكرێن، چونكه ژینگه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ی داعش تێیدا سه‌ری هه‌ڵداوه‌ته‌وه، بۆ چالاكییه تیرۆرستییه‌كانی ئه‌و رێكخراوه له‌باره، بۆیه له‌ناوبردنیشیان پێویستی به هه‌وڵێكی هه‌مه‌لایه‌نه هه‌یه له هه‌موو رووه‌كانی سه‌ربازی، سیاسی، فكری و رۆشنبیرییه‌وه.
جه‌ختیشیكرده‌وه، شه‌ڕی ئاوه‌دانیش له‌و ناوچانه هۆكارێكی دیكه‌ی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعشه، چونكه ئاوه‌دانكردنه‌وه ده‌بێته هۆی كه‌مكردنه‌وه‌ی رێژه‌ی بێكاری و ئه‌مه‌ش ده‌بێته چه‌كێكی دیكه بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆرستان.
H.B